ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەسی شاعیری ناوداری کوردە
ئەمڕۆ هەینی، (4 ئابی 2023) ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەسە.
شێرکۆ بێکەس، شاعیری ناوداری کورد، لە ڕۆژی 2ی پێنجی ساڵی 1940 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە.
شێرکۆ بێکەس کوڕی "فایق بێکەس"ی شاعیری ناسراو و شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەرەی کوردە، شێرکۆ بێکەس خاوەن چەندین خەڵاتی ناوخۆو جیهانیە لەوانە "توخولسکی ئەدەبی کە لە ساڵی 1987 لە وڵاتی سوید وەریگرتووه، هەروەها خەڵاتی پیرەمێرد لە ساڵی 2001 و خەڵاتی قەقنەسی زێڕینی لە ساڵی 2005 لە عێراق".
شێرکۆ بێکەس، هۆنراوە و شیعر و خەباتی بە میرات لە باوکییەوە وەرگرتووە و لە دایکییەوە خۆشەویستی زمانی کوردی وەرگرتووە، بۆیە خەبات و ئەزموونی شیعری زوو بەدیار کەوت.
لە ساڵی 1988ەوە، هۆنراوەیەکی هەڵبژێردرا لەگەڵ کورتەیەک لە ژیانی، کە وەک بابەتێک لە کتێبی "زانستی بوون" لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا بۆ قۆناغی یەکەمی قوتابخانەی ناوەندی فێر دەکرێت.
لە ساڵی 1991، دوای ڕاپەڕینی کوردستان، شاعیر گەڕایەوە شاری سلێمانی و لەدوای چەند مانگێک وەک شاعیرێکی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆی کاندید کرد و بوو بە ئەندامی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بوو بە یەکەم وەزیری ڕۆشنبیری لە هەرێم و بۆ ماوەی ساڵێک و چەند مانگێک لەو پۆستەدا مایەوە و دواتر بەهۆی "پێشێلکردنی دیموکراسی"ەوە دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و دووبارە گەڕایەوە سوید.
بێکەس ناسراوبوو بە شاعیری سروشت و شاعیری مرۆڤ و لە 4ی ئابی 2013 لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کۆچی دوایی کرد بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە و لەسەر وەسیەتی خۆی لە پارکی ئازادی لە سلێمانی بە خاک سپێردرا.
شاعیر لە وەسیەتنامەکەی وتی: "من نامەوێت لە ھیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەکەم لەبەر ئەوەی پڕبونەتەوە و دووەم لەبەر ئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناکەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەم ڕێگەم پێبدا و ئەوەم پێ ڕەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی 1963ی سلێمانییەوە بمنێژن".
