سزای توند بۆ سەرپێچیکاران و بازرگانانی شوێنەوار دیاری دەکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتیاری و شوێنەوار، جوڵەی یاسایی و ئەمنی چڕی بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی کولتووری و شوێنەواری ئاشکرا کرد، کە بە سزای یاسایی توند بۆ سەرپێچیکاران و بازرگانان پاڵپشت کراوە، هاوکات سەرکەوتنی هەڵمەتێکی گەورەی بۆ گەڕاندنەوەی هەزاران پارچە شوێنەوار لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند.
ئەحمەد کەریم عەلیاوی، وتەبێژی وەزارەت بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕاگەیاند: "یاسای شوێنەوار و کەلەپوور سزای توند بۆ ئەو کەسانە لەخۆدەگرێت کە دەستدرێژی دەکەنە سەر موڵک و ماڵی کولتووری یان بازرگانییان پێوە دەکەن،" ئاماژەی بەوەش کرد، "پاسەوانییەکی توند بۆ شوێنەوارەکان دابینکراوە و بەدواداچوونی ئەمنی بەردەوام هەیە بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی قاچاخچێتی، لەوانەش ڕاوەدوونانی ئەو ڕیکلامە گوماناویانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە."
عەلیاوی ڕوونیکردەوە، "کێشەی هەڵکەندنی هەڕەمەکی (بێسەروبەر) هێشتا لە هەندێک ناوچەی دوورەدەستدا ماوە، و کارکردن بۆ چارەسەرکردنیان لە ڕووی ئەمنییەوە بەردەوامە،" داواشی لە هاوڵاتیان کرد "هاوکار بن و هەواڵی هەر حاڵەتێکی گوماناوی بدەن."
ئەوەشی خستە ڕوو، "بەشی گەڕاندنەوەی یاسایی لە دەستەی شوێنەوار بەدواداچوون بۆ هەر پارچەیەک دەکات کە لە وڵات دەچێتە دەرەوە،" ئاماژەی بەوەش کرد، "هەڵمەتە گەورەکەی گەڕاندنەوە سێ ساڵ لەمەوبەر بووە هۆی گەڕاندنەوەی نزیکەی 38 هەزار پارچە شوێنەوار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، ئەمەش لە چوارچێوەی کارە لەپێشینە ستراتیژییەکانی وەزارەتە بۆ پاراستنی کەلەپووری نیشتمانی."
