سلێمانی ...تەقەکەرانی نەخۆشخانەی شار دەستگیرکران
ئەمڕۆ هەینی ،بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیاند، سێ تۆمەتبار لەسەر ڕوداوەكەی شەوی ڕابردوی نەخۆشخانەی شار لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکران.
پۆلیسی سلێمانی لەڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە،" شەوی ڕابردوو پاش کاتژمێر 12ی شەو سێ كەس بەمەبەستی سەردانیکردن دەچنە نەخۆشخانەی شار، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەردانیكردن بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان لەو کاتەدا ڕێگەپێدراو نییە، کارمەندی پاسەوانی بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە ڕێکاری گونجاو دەگرێتەبەرو ڕێگرییان لێدەكات ".
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد،" یەکێک لەتۆمەتبارەکان دور لەڕاستی خۆی بە پزیشکی نەخۆشخانە ناساندوە و یەکێکیشیان لەژێر کاریگەری مەی نۆشیدا بوە، گرژی و ئاڵۆزیان خوڵقاندوە و هێرشیان کردوەتەسەر پۆلیسی نەخۆشخانەکە، یەكێكیشیان چەكی كارمەندەکەی ڕفاند و تەقەی کرد و هەڵات ".
ئەوەشیخستەڕوو، دەستبەجێ لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دوان لەتۆمەتبارەكان دەستگیرکران و لەماوەیەكی زۆر كەمیشدا تۆمەتباری سێیەم لە لایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی بەڕێوەبەرایەتیەکەوە لە گەڕەكی كوردسات دەستگیركرا.
