سه‌در به‌كارهێنانی ناوی بنەماڵەکەی له هه‌ڵبژاردنه‌كان قه‌ده‌غه ده‌كات
ئەمڕۆ شەممە ،سەید موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانی شیعه‌كان هۆشدارییدا له به‌كارهێنانی ناوی بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌تایبه‌ت "هه‌ردو شه‌هیدی سه‌در" له بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردندا و رایگه‌یاند، به‌كارهێنانی ناوه‌كه‌ی به هه‌مو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه، چ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ و له‌ڕێگه‌ی ئاماژه‌وه بێت.
موقته‌دا سه‌در له‌و په‌یامێكدا رایگەیاند، له‌م ڕۆژانه‌دا هه‌موان سه‌رقاڵی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنن، له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌نها باسی خه‌ڵك ده‌كرێت و به پێچه‌وانه‌وه خه‌ڵك له‌بیر ده‌كرێت.
وتیشی، "چه‌ند ڕێنماییه‌كم هه‌یه سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه: قه‌ده‌غه‌یه به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ناوی ئێمه، بنه‌ماڵه‌ی سه‌در، به‌تایبه‌تی هه‌ردو شه‌هیدی سه‌در به‌كاربهێنین، به‌ته‌واوی قه‌ده‌غه‌یه كه ناوی سه‌در به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، یان به‌شێوه‌ی ئاماژه به ئاشكرا و له هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه به‌كاربهێنرێت".
سه‌در له ڕێنمایی دوه‌می خۆیدا رونیشیكردۆته‌وه، "هه‌ژاران مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌وه‌ی دابه‌ش ده‌كرێت بیبه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن گه‌نده‌ڵكارانه‌وه، به‌و مه‌رجه‌ی ده‌نگیان پێ پێبده‌یت یان كارتی هه‌ڵبژاردنیان پێبده‌یت پاره ده‌ده‌نه ده‌نگده‌ران، له‌كاتێكدا ئه‌مه پاره‌ی خودی هاوڵاتیان خۆیانه، ئه‌وان هیچ چاكه‌یه‌كیان به‌رامبه‌ر به خه‌ڵك نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵكاره‌كه هه‌وڵی ئه‌وه بدات خۆی وه‌ك كه‌سێكی ڕاستودروست پیشان بدات، ئه‌وا به تاوانبار ده‌مێنێته‌وه".
له ڕێنمایی سێیه‌میدا، سه‌در ده‌ڵێت، "دوباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، بێده‌نگی ئێمه زۆر قسه ده‌كات، یه‌كێك له مانایه‌كانیش ئه‌وه‌یه كه بێده‌نگیمان به‌رامبه‌ر به گه‌نده‌ڵییه‌كانیان مانای ئه‌وه نییه كه ئێمه لێیان ڕازیین، بۆیه باوه‌ڕیان پێ مه‌كه‌ن".

