سودانى پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و سەرۆکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شەیاع سودان ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی کرد لە سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان عومەر ئەحمەد محەمەد لەگەڵ سەرۆکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان لە کۆمسیۆن عەباس فەتلاوی.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:سودانی پێداچوونەوەی بە دوایین ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە بڕیارە لە 18 ی کانوونی یەکەمدا ئەنجام بدرێت".
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە له پەرۆشی حکومەت بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، چونکە مافێکی دەستوورییە و گرنگی ئامادەکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی سەرکەوتن بۆ ئەوەی ئەنجامەکان ببنە دەربڕینی خواستی ڕاستەقینەی گەلی عێراق و دڵنیابوون لە ئەنجامدانی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شەفافانە.
ئاماژەی بەوەکرد" لە دیدارەکەدا ڕۆژی 12ی کانوونی یەکەم دیاریکرا وەک وادەی ڕادەستکردنی قوتابخانەکان بە کادیرانی کۆمسیۆن، بەمەبەستی ئامادەکردنی پێداویستییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن و ڕاگرتنی دەوامی فەرمی لە قوتابخانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک، هەروەها ڕاگرتنی دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت لە ڕۆژانی 18 و 19ی کانونی یەکەمدا، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە دانیشتنی داهاتوودا پەسەند دەکرێت.
