سودانی: بانکی پیشەسازی قەرزدان بۆ ئەو پڕۆژانە و دەرفەتە وەبەرهێنانانە بگرێتە ئەستۆ
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی تایبەت بە چالاککردنی ڕێکارەکانی دارایی کردنی پڕۆژەکانی دەستپێشخەری پیشەسازی دەکات
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووه بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کەد بۆ پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی چالاککردنی ڕێکارەکانی دارایی کردنی پڕۆژەکانی دەستپێشخەری پیشەسازی، بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی و ژمارەیەک ڕاوێژکار و ئەندامی لیژنە پەیوەندیدارەکان.
وتیشی لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پێشکەوتنی دەستپێشخەری پیشەسازی کرا، کە پایەیەکی سەرەکی سیاسەتی پشتیوانی گەشەپێدانی حکومەتە، هەروەها ڕاپۆرتێکی ورد سەبارەت بە دۆخی بانکە حکومییەکانی بەشداربوو لە دەستپێشخەرییەکەدا پێشکەشکرا، کە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە لە ژمارەی ئەو پڕۆژانەی کە پارەیان بۆ دابینکراوە.
سودانی جەختی لە گرنگی خێراکردنی مامەڵەی قەرزی پیشەسازی و چارەسەرکردنی داواکارییە تەواونەکراوەکانی کردەوە، ئەمەش پێویستی بە بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی و بانکە حکومییەکانە بۆ ئاسانکردنی ڕێکارەکانی دارایی کردن و دڵنیابوون لە دادپەروەری و شەفافیەت لە پێدانی قەرزدا، بەتایبەتی بۆ ئەو پڕۆژانەی کە توانای ئابووری ڕاستەقینەیان هەیە لە سەرانسەری کەرتە جیاوازەکاندا بۆ پشتگیریکردنی بەرهەمی نیشتمانی.
هەروەها سودانی فەرمانی کرد بانکی پیشەسازی قەرزدان بۆ ئەو پڕۆژانە و دەرفەتە وەبەرهێنانانە بگرێتە ئەستۆ کە لە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی عێراق کە لە بەغداد بەڕێوەچوو خراوەتەڕوو، بەو پێیەی ئەم پڕۆژانە نوێنەرایەتی دەرفەتی ستراتیژی دەکەن بۆ پشتگیریکردن لە ئابووری نیشتمانی و بەرزکردنەوەی هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە دەستپێشخەری پیشەسازی نوێنەرایەتی سەکۆیەکی نیشتمانی دەکات بۆ پاڵپشتی کردنی کەرتی تایبەت و هاندانی بەرهەمی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردە و ئەوەشی ڕوون کردەوە کە زیادبوونی خواست لەسەر دارایی پیشەسازی ڕەنگدانەوەی گۆڕانی ئەرێنییە لە ئاراستەی بازرگانان بەرەو دامەزراندنی کارگە و پڕۆژەی بەرهەمدار.
