سودانی بۆ شازادەی جێنشینی سعودیە پەرۆشیی عێراق بۆ چارەسەری ئاشتیانەی قەیرانەکان دووپاتدەکاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە"محەمەد شیاع سوودانی"سەرۆک وەزیرانی، جەختی کردەوە کە عێراق سورە لەسەر ئەنجامدانی هەموو هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا،کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە،تیایدا هاتووە : "محەمەد شیاع سوودانی""سەرۆک وەزیران،پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ "شازادە محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز" شازادەی جێنشینی سعودیا، ئەنجامدا.
وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە : لە پەیوەندییەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە کراوە و جەخت لەسەر گرنگیی کار و هەماهەنگیی هاوبەش کراوەتەوە بۆ ڕاگرتنی جەنگ و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە بۆ سەرجەم قەیرانەکان، بەدوور لە چارەسەری سەربازی کە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی دروست دەکات.
بەگوێرەی بەیاننامەکە: "سوودانی" جەختی کردووەتەوە کە "عێراق سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەموو هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی گەلانی ناوچەکە دەبێت،هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە عێراق ڕەتیدەکاتەوە سەکۆیەک بێت بۆ بەئامانجگرتنی هیچ وڵاتێک، هەروەک چۆن ڕەتیدەکاتەوە خاکی وڵاتەکەی بکرێتە ئامانج.
لە بەرامبەردا، شازادەی جێنشینی سعودیە ستایشی هەوڵە گەورەکانی عێراق و هەوڵە بەردەوامەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاریگەرییەکانی جەنگ و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی کرد، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان.
