سودانی بۆ ماکرۆن: چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی کردەوە سەربازییەکان و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا تاوتوێی پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ هەینی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆکی فەرەنساوە بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن پێگەیشت و تێیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا.
وتیشی سودانی جەختی لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان کردەوە بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان وپێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامودەزگا و پێکهاتەکانی و زلهێزەکان کار بکەن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر و ڕەتکردنەوەی ئەو بەئامانجکردن و ئاوارەکردنەی کە لە لوبنان ڕوودەدەن، لە پێناو پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و گەشەسەندنی.
لای خۆیەوە سەرۆک ماکرۆن هەوڵەکانی عێراقی بەرز نرخاند بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان و ستایشی هەڵوێستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد لە دواکردن بۆ پێشخستنی دیالۆگ و دیپلۆماسی و پەنابردن بۆ دانوستان بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی نێودەوڵەتی یان ناوچەیی و جەختی لە گرنگی هەنگاوی هاوبەشی نێوان وڵاتەکەی و حکومەتی عێراق کردەوە، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی شەڕ و کەمکردنەوەی کاردانەوەکانی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە.
