سودانی جەخت لەسەر پێویستی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی کۆمکاری عەرەبی دەکاتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لەمیانی پێشوازیکردنی لە ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی جەختیکردەوە لەسەر پێویستی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی کۆمکاری عەرەبی.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ سێشەممە، پێشوازی کرد لە ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بەڕێز ئەحمەد ئەبو ئەلغەیت.
وتیشی له میانی دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە دوا ئامادەکاری و ڕێکخستنەکانی لوتکەی عەرەبی بۆ شەممەی داهاتوو لە بەغدای پایتەخت کرا و هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لە سەرخستنی لوتکەی عەرەبی، بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی پێگەی عەرەبی و ناوچەیی عێراق بێت و بەشداربێت لە بەدیهێنانی هیوا و خواستەکانی گەلانی عەرەبی.
هەر لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر گرنگی لوتکە کرایەوە کە لە قۆناغێکی هەستیاردا لە پێشهات و ئاستەنگەکانی بەردەم ناوچەکە و جیهانی عەرەبیدا بەڕێوەدەچێت، هەروەها ڕۆڵی بەرچاوی عێراق لە پەرەپێدانی چارەسەری بەردەوام و پێشکەشکردنی دەستپێشخەری پراکتیکی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هاوچەرخەکان.
سودانی جەختی لەسەر پێویستی بەهێزکردنی میکانیزمەکان و دامەزراوەکانی کۆمکاری عەرەبی کردەوە لە بوارە جیاجیاکانی هاوکاری و هاوبەشی عەرەبی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئابووری و ژینگەیی و گەشەپێدان، هەروەها لە بواری هاوکاری ئەمنی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی عەرەبیدا.
