سودانی جەختی لە پابەندبوونی حکومەت کردەوە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی حکومەتە خۆجێیەکان
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی لەمیانی پێشوازیکردنی لە پارێزگاری سەڵاحەدین جەختی لە پابەندبوونی حکومەت کردەوە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی حکومەتە خۆجێیەکان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەنداوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشوازی کرد لە پارێزگاری سەڵاحەدین بەڕێز هەیسەم مەحمود زەهوان.
سەرۆک وەزیران پێداچوونەوەی بە دۆخی گشتی پارێزگاکە و پلان و بەرنامەکانی باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی لە سەرجەم قەزا و ناحیەکانی کرد.
سودانی جەختی لە پابەندبوونی حکومەت کردەوە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی حکومەتە خۆجێیەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و پێشکەشکردنی هەموو پشتیوانییەک، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکەن و بارودۆخی ئابووری و گەشەپێدانی پارێزگاکان باشتر بکەن، هەروەها ئاستی بژێوی هاوڵاتیان بەرز بکەنەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە گرنگی یەکخستنی پلانەکانی حکومەتی فیدراڵی و پڕۆژەی وەزارەتەکان لە بواری ژێرخان کرد، هەروەها ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانانەی کە لەلایەن حکومەتی خۆجێییەوە جێبەجێ دەکرێن.
