سودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئاسایش دەکات بۆ بەدواداچوون بە پلانی دەستەبەرکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان .
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانى ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئاسایشی کرد بۆ دەستەبەرکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و کۆبوونەوەکە وەزیرە بەڕێزەکان و فەرماندەکان و بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی لەخۆگرتبوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە میانەی کۆبوونەوەکەدا بەدواداچوونیان بۆ دوایین ئامادەکارییەکان کرد لەگەڵ ئەرکەکانی لیژنەکە و هێزە ئەمنییەکان بەگوێرەی کەرەتەکانی بەرپرسیارێتی و ئەو ئەرکانەی کە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکان و دواتریشدا پلانیان بۆ دانراوە تا ئەوکاتەی ئەنجامەکان پەسەند دەکرێن، هەروەها ڕاپۆرتی کۆتایی ئامادەکارییەکان و ئاستەنگە ئەمنییەکان خرایەڕوو.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە هەڵبژاردن مافێکی دەستوورییە و بەپێی یاسا پەسەندکراوە و ئەرکی حکومەتە جێبەجێی بکات و ڕووبەڕووی هەر لایەنێک ببێتەوە کە هەوڵ بدات ڕێگری لێ بکات و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەگەری جیاوازی لە بواری سیاسیدا هەیە، بەڵام گۆڕانکاری تەنها لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەدەست دەهێنرێت و سودانی ڕایگەیاند کە پەیامی هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئەرکەکانیانەوە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بەرجەستە دەکرێت.
هەروەها سەرۆک وەزیران پێداچوونەوەی بە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرد بۆ ئەنجامدانی دەنگدانی تایبەت، کە تیایدا ڕاسپاردەکانی نوێکردەوە بۆ ڕێگەگرتن لە هەر کاریگەرییەک لەسەر هەڵبژاردەکانی کارمەندان لە هەڵبژاردن، و جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی کەشێکی سەقامگیر و ئازاد و سەلامەت لە سەرانسەری عێراقدا بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان و ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند کە بۆ جێبەجێکردنی پلان و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان گیراونتەبەر.
