سودانی: عێراق لە هەوڵەکانیدا درێغی ناکات لە پێناو بەدیهێنانی ئاگربەست
ئەمڕۆ هەینی"موحەممەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختی کردەوە کە عێراق درێغی ناکات لە هەوڵەکانی لە پێناو بەدیهێنانی ئاگربەستدا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە : "موحەممەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە "ئیمانوێل ماکرۆن" سەرۆکی فەرەنسا پێگەیشت، کە تێیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە و ئەو هەوڵانە کرا کە دەدرێن بۆ ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکان کە دوای دەستدرێژی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان پێکردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە :"سوودانی " ڕوونیکردەوە کە عێراق لە هەوڵەکانی درێغی ناکات بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە فراوان بووە و بووەتە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، هەروەها دووپاتی کردەوە کە عێراق ئەو پەلامارە ڕاشکاوە ڕەت دەکاتەوە کە سەروەریی عێراقی کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە ڕیزەکانی هێزە ئەمنییەکانمان لە حەشدی شەعبی، ئەوەش بە مەبەستی تێکەڵکردنی کاغەزەکان و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی کە بە هۆی قوربانیدانی عێراقییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەدیهاتبوو.
سەرۆک وەزیران هاوسۆزی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە قوربانیانی فەرەنسی لەو هێزەی لە پارێزگای هەولێر بوونیان هەیە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش،و جەختی لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ئامانجگرتنە کردەوە.
لە بەرامبەردا،سەرۆکی فەرەنسا پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە دەربڕی کە هەوڵ دەدەن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخی ئەمنی،و جەختی لە ڕۆڵی محوەریی عێراق کردەوە لە ئاسانکاریکردنی ئەم تێگەیشتنانە، کە بە ئەرێنی بەسەر سەقامگیریی ناوچەکەدا دەشکێتەوە،هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی بەردەوامیی هەماهەنگیی دوولایەنە لەم بوارەداکرد.
