سودانی: عێراق هەموو هەنگاوێكی پێویست لە بەرژەوەندی نیشتمانی خۆیدا دەنێت
ئەمڕۆ شەممە،محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەرەنسا دڵنیاكردەوە كە عێراق هەموو هەنگاوێكی پێویست لە بەرژەوەندی نیشتمانی خۆیدا دەنێت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە:-"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی،ئەمڕۆ شەممە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆکی فەرەنسا"ـەوە ئیمانوێل ماکرۆن پێگەیشت و تێیدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاوبەشی و هاوکاری لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کران، جگە لە تاوتوێ کردنی پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان.
بەگوێرەی بەیاننامەکە سودانی ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەت کرد سەبارەت بە بانگهێشتی کۆنفرانسی ناوچەیی لە بەغداد بۆ تاوتوێکردنی پرسە ناوچەییەکان، و جەختی لە گرنگی سەردانە چاوەڕوان کراوەکەی ماکرۆن بۆ بەغداد کردەوە، هەروەها پێزانینی عێراقی بۆ هەڵوێستی پرەنسیپی فەرەنسا سەبارەت بە پرسی فەڵەستین نوێ کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پێشێلکارییانەی لە ناوچەکانی فەڵەستین ئەنجامدراون، نوێنەرایەتی پێشینەیەکی مەترسیدار دەکات، و بارودۆخی نێودەوڵەتی زیاتر ئاڵۆزتر دەکات و سیستەمی جیهانی ئێستا ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی ڕاستەقینە دەکاتەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە عێراق گرنگی بە گەشەپێدانی ئابووری دەدات، بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی بنیاتنەری لە ناوچەکەدا و هۆشداری دا لە مەترسییەکانی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکات، و جەختی لە ئامادەیی عێراق کردەوە بۆ کارکردن لەگەڵ فەرەنسا و هاوبەشەکانی دیکە لەوانەش کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەت یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ ئەوەی نەخلیسکێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ و عێراق هەنگاوی پێویست لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی خۆی دەگرێتەبەر، بۆ خزمەتکردنی ئامانجی ڕێگری کردن لە شەڕ لە ڕێگەی وتوێژەوە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان.
لە لای خۆیەوە سەرۆک ماکرۆن ئاستی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەوڵەکانی حکومەت بۆ پاراستنی سەقامگیری وڵاتەکەی بەرز نرخاند، جەختی لە شانازیی فەرەنسا بە پەیوەندیە قووڵە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و خواستی بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی عێراق، هەروەها تاوتوێی سەردانە پلان بۆ داڕێژراوەکەی بۆ بەغدا کرا و هیوای خۆی دەربڕی کە سەردانەکە بگاتە ئامانجە پراکتیکییەکانی خۆی.
