سودانی: فەرمانی پابەندبوون بە پلانی کشتوکاڵی و لێپێچینەوە لەسەرپێچییەکانی سەر سەرچاوە ئاوییەکان دەکات
سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە فەرمانی پابەندبوون بە پلانی کشتوکاڵی و لێپێچینەوە لەسەرپێچییەکانی سەر سەرچاوە ئاوییەکان کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە: "محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای نیشتمانیی بۆ ئاو کرد، بە ئامادەبوونی وەزیرانی سەرچاوە ئاوییەکان، وەزیری کشتوکاڵ بەوەکالەت، وەزیری ژینگە، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران و ئەندامانی لیژنەکە."
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: کۆبوونەوەکە باسی لەو بابەتانە کرد کە لە کارنامەکەدا بوون و بڕیار و ڕاسپاردەی پێویستیان دەربارە درا. هەروەها پێداچوونەوە بە دۆخی ئاو و وشکەساڵی و کەمیی داهاتی ئاو بۆ ساڵی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ کرا. سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگی مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتی سەرپێچییەکان بەپێی چوارچێوە یاساییە بەردەوامەکان، و فەرمانی بە بەردەوامبوونی پرۆسەی قەدەغەکردن و لێپێچینەوە ی هەموو جۆرە سەرپێچییەک کرد، و ئەم کارە تەنها کورت نەبێتەوە بۆ کاتی کەمیی ئاو.
هەروەها فەرمانی کرد بە پابەندبوون بە پلانی کشتوکاڵی و فراوان نەکردنی بە جۆرێک کە کاریگەری بکاتە سەر سەرچاوە ئاوییەکان، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا. جگە لە پابەندکردنی ئەمینداریەتی بەغدا و فەرمانگە شارەوانییەکانی پارێزگای بەغدا بە دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی ١١ شوێنی پیسبوونی ژینگەیی لەسەر ڕووباری دیجلە.
کۆبوونەوەکە پێشنیاری کرد کە وەزارەتی دارایی بودجەی پێویست بۆ دەسپێشخەری دیالۆگی ژینگە و کەشوهەوا بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی هەرێمی تەرخان بکات، بەپێی ئەوەی لە نووسراوی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کۆبوونەوەکە تاوتوێی بابەتەکانی تری کرد و ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:
١- وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و ئەمینداریەتی بەغدا، ڕێوشوێنی دیاریکراو بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو، لەوانە بەستنی پێوەری ماڵان، چاککردنەوە و نوێکردنەوەی تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو، کارکردن بۆ هۆشیاری میدیایی دەربارەى بەکارهێنانی دروستی ئاو و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان، و پێداچوونەوە بە نرخ و ڕێکخستنی پاڵپشتی دارایی.
٢- ڕەزامەندی لەسەر ڕەشنووسی هەموارکردنی ڕێنماییەکانی بەکارهێنانی کەناراوەکان و ڕاسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پەسەندکردنی.
٣- ڕاسپاردنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕەزامەندی دەربڕین لەسەر ڕێنماییەکانی تایبەت بە لێدانی بیرە ئاوییەکان.
٤- پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی چوارەمین کۆبوونەوەی تیمی نیشتمانیی دانوستانکار سەبارەت بە ئاوە هەرێمییە هاوبەشەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
٥- لادانی دوورگەکان لە ناو حەوزی ڕووبارەکە لە نزیک بەنداوی سامەڕا، و تەرخانکردنی هێزێکی ئەمنی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە
