سودانی: هەڵەبجە ڕووبەڕووی تاوانێکی دڕندانە بووە لەلایەن ڕژێمی "گۆڕ بە گۆڕ"
سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شەیاع سودانی ڕۆژی یەکشەممە فەرمانی دا شاندێکی پزیشکی بچێت بۆ پشکنینی حاڵەتەکانی نەخۆشی شێرپەنجە لە شاری هەڵەبجە و دابینکردنی دەرمان بۆیان.
ئەمەش لەدوای ئەوەی "شاهۆ حوسێن" یەکێک لە قوربانییەکانی ئەنفالی هەڵەبجە، لە هەڵەبجەوە بۆ بەغدای پایتەختی عێراق بە کورسی کەمئەندامان چوو لە هەوڵی داوای چارسەر لە سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی سروە عەبدولواحید سەرۆک فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق.
سودانی لە بەیاننامەیەکدا کە بە ئاژانسی "موتەڵع" گەیشتووە، شانازی و پێزانینی خۆی بۆ شاری هەڵەبجە دەربڕی کە ڕووبەڕووی تاوانێکی دڕندانە بووەوە لەلایەن ڕژێمی "گۆڕ بە گۆڕ" کە بووە هۆی دەیان هەزار قوربانی، هەروەک چۆن سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند.
سودانی فەرمانی دا کە هەموو پشتیوانییەک بۆ خەڵکی شاری هەڵەبجە دابین بکرێت و شاندێکی پزیشکی بنێرێت بۆ پشکنینی حاڵەتەکانی شێرپەنجە کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئەم شارە تووشیان بووە، هەروەها بۆ دابینکردنی لیستێکی دەرمان بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بە مەبەستی پاراستنیان.
