سودانی و ئەردۆغان جەخت لەسەر پێویستی دوورخستنی ناوچەکە و گەلانی لە مەترسییەکانی شەڕ دەکەنەوە
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی جەختیان لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی ناوچەکە و گەلانی لە مەترسییەکانی شەڕ کردەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆک کۆماری تورکیاوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێگەیشت.
وتیشی لە میانەی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا بە بۆنەی نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە پیرۆزباییان ئاڵوگۆڕ کرد، هەروەها باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان کرد بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری لە بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ئابووری و وەبەرهێنانی، جگە لە تاوتوێکردنی ڕێگاکانی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات.
ڕوونیشیکردەوە،هەردوولا جەختیان کردەوە لە گرنگی چاودێریکردنی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و پێویستی هەماهەنگی هاوبەشی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆر و بەردەوامی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە و جەختیان کردەوە لە گرنگی پاراستنی دیالۆگ و پەنابردن بۆ چارەسەری ئاشتیانە و ڕێگرتن لە پەرەسەندنی ململانێکان بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکە و گەلەکەی لە مەترسیەکانی شەڕ.
