سودانی و شاندی حزبی دەعوە جەخت لە گرنگیی یەکخستنی هەڵوێست و دیدگاکان دەکەنەوە
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی حزبی دەعوەی ئیسلامی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختیان لە گرنگیی یەکخستنی هەڵوێست و دیدگاکان لە نێوان هەموو لایەنەکاندا کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە شاندی حزبی دەعوەی ئیسلامی کرد.
ڕوونیشیکردەوە کە لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی نیشتمانی و هەرێمی تاوتوێ کران، و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەڵوێست و دیدگاکان لە نێوان هەموو لایەنەکاندا و کارکردن بە گیانی بەرپرسیارێتی و هاوبەشی بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێکارەکانی حکومەت لە پاراستنی سەروەریی عێراق و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی.
ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی خرایە ڕوو، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ئەو سەقامگیرییەی لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و ئەمنی بەدیهاتووە، بە مەبەستی بەردەوامبوون لە تەواوکردنی کاروانی بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ هێنانەدیی خواستەکانی هاووڵاتییان
