سودانی و مەشهەدانی جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی یەکخستنی کارەکانی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان
سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران مەحمود مەشهەدانی جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی یەکخستنی کارەکانی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان، بەمەبەستی بەردەوامبوون لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی بەرنامەی حکومەت.
فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی پێشوازی کرد لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران مەحمود مەشهەدانی، بارودۆخی گشتی وڵات و دۆسیە و پرسە سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزارییەکانیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بەهاوبەشی جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی یەکخستنی کارەکانی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان، بەمەبەستی بەردەوامبوون لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی بەرنامەی حکومەت و تەواوکردنی چاکسازی ئابووری و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتیان.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ستایشی پەسەندکردنی هەموارکردنی یاسای بودجەی کرد لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەت بتوانێت بەرنامەی کاری خۆی بەگوێرەی ئەولەویەت و پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری و گوزەرانی گەلەکەمان لەسەرجەم پارێزگاکان جێبەجێ بکات.
