سودانی و ڕەشید جەخت لە گرنگیی هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەت دەکەنەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆک وەزیران و "عەبدولەتیف جەمال ڕەشید"سەرۆک کۆمار، جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی شایستە دەستوورییەکان و هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای تەواوکردنی کاروانی گەشەپێدان و گەشەپێدانی ئابووری هەبێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، تیایدا هاتووە : "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیران،پێشوازی لە "عەبدولەتیف جەمال ڕەشید" سەرۆک کۆمار کرد.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە لە دیدارەکەدا باس لە دۆخی گشتی وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکە بە تایبەت ڕووداوەکانی سووریا کرا، و جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و هەماهەنگی هەڵوێستەکان بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێکار و هەنگاوەکانی حکومەت بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکانی ئێستا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بپارێزێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی شایستە دەستوورییەکان و هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەتێک کە بتوانێت کاروانی گەشەپێدان و بوژانەوەی ئابووری تەواو بکات و خواستەکانی ڕۆڵەکانی گەلی عێراق بەدی بهێنێت.
