سودانی وعامری جەخت لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە وادەی خۆیدا دەکەنەوە
محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هادی عامری ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، ئەمڕۆ شەممە دووپاتیان لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا،بۆ ئەوەی گوزارشتی ڕاستەقینە لە ئیرادە و خواستەکانی گەلی عێراق بکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاندووە: "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ هادی عامری ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر کۆبووەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی گشتی وڵات و گرنگی پاڵپشتیکردنی حکومەت کراوە لە تەواوکردنی بەرنامەی گەشەپێدانی لەڕێگەی پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "لەکۆبوونەوەکە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە وادەی دیاریکراوی خۆیادا دووپاتکرایەوە، وەک گوزارشتێکی ڕاستەقینەی ئیرادە و خواستەکانی گەلی عێراق".
