سودانی: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن بۆ ڕاگرتنی شەڕ
ئەمڕۆ یەکشەممە"محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیران،جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان ، بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن لە ڕێگەی کاری جدییەوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ، و دانانی سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووه،تیایدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆک وەزیران ،پێشوازی لە "زەیدان خەلەف عەتوانی " سەرۆکی لیژنەی ناوەندیی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لوبنان کرد.
بەگوێرەی ناوەرۆکی بەیاننامەکە : لەمیانی دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئەو ڕێکارانە کرا کە پەسەندکراون بۆ گەیاندنی یارمەتییە خۆراکییەکان بەشێوەیەکی بەپەلە بۆ لوبنان، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو هاوکارییە پێشوەختەی بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران دیاریکراون، و ڕێنماییدا بە پەیڕەوکردنی میکانیزمی دابینکردنی خێرا.
هەر بەپێی بەیاننامەکە : سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر هەڵوێستی جێگیری عێراق لە وەستان لە پاڵ براکانی، و پشتیوانیکردنی لوبنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخەکە و ئاوارەبوونی زۆرەملێ کە بەهۆی دەستدرێژیی زایۆنییەوە دروستبووە، کە ناوچە نیشتەجێبوونەکانی کردووەتە ئامانج و هاوڵاتیانی بێتاوانی ڕووبەڕووی ئازاری گەورە کردووەتەوە و جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە نەتەوەییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن لە ڕێگەی کاری جدییەوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ، و دانانی سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بەشێوەیەک کە گەرەنتی پاراستنی مەدەنییەکان و دامەزراندنی بناغەکانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بکات.
