سودانی پەیمان بە گەلەکەمان دەدەین بە پاراستنی سەروەری و ڕێگریکردن لەگەڕاندنەوەی دیکتاتۆریەت
ئەمڕۆ دووشەممە ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، محەمەد شیاع سودانی، جەختی کردەوە کە پەیمان بە ڕۆڵەکانمان دەدەین بەردەوام بین لە کاروانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و پاراستنی ئازادییە گشتی و تایبەتییەکان و پاراستنی سەروەری.
سەرۆک وەزیران لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) کە ئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ یادی ئەو تاوانانە دەکەینەوە کە ڕژێمی بەعسی سەدام"ـی تاوانبار بەرامبەر بە گەلی عێراقی بەڕێزمان ئەنجامی دا، ئەو تاوانانە لە سەرانسەری خاکی وڵات بڵاو بوویەوە و بووە هۆی شەهیدبوونی هەزاران کەس لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ڕاپەڕینی شەعبانییە و کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال و تیرۆرکردنی زانایان و بەئامانجکردنی هێزە ئایینی و نیشتیمانییەکان، ئەمانە پەڕەی خوێناویین لە مێژووی عێراقدا، ئەرکی دڵ سۆزی بۆ شەهیدان و پاراستنی یادەوەری نیشتیمان و بنیاتنانی ئایندەیەکی شایستە بە قوربانیدانی ئەوانمان بەبیر دەهێنێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد ، "سەرەڕای ئەم قوربانییە مەزنانە، عێراقییەکان لە دوای ڕووخانی دیکتاتۆرییەتەوە بەردەوام بوون لە قوربانیدان لە پێناو نیشتمانەکەیان و ڕووبەڕووی کردەوەی تیرۆرستی و تاوانکاری سیستماتیکی پاشماوەکانی دیکتاتۆریزم و ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بوونەوە، کە نوێنەرایەتی درێژەپێدەری تاوانەکانی ڕژێمی لەناوچووی دەکرد.لە کاتی بەبیرهێنانەوەی ئەم تاوان و قوربانیدانە، ئێمە بە ڕێز و شانازییەوە لەبەردەمیاندا ڕادەوەستین، چونکە بووە هۆی بەدیهێنانی ئازادی بۆ وڵاتەکەمان و شکۆ بۆ گەلە سەربەرزەکەی، کە ئەمڕۆ لە سایەی سیستەمێکی دیموکراسی فرەییدا دەژین کە هەموو مافە دەستووری و یاساییەکانی دەستەبەر کردووە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد ، "بەڵێن بە ڕۆڵەکانی نیشتمانە خۆشەویستەکەمان لە سەرانسەری وڵات دەدەین، کە بەردەوام دەبین لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و پاراستنی ئازادییە گشتی و تایبەتەکان و پاراستنی سەروەری وڵاتەکەمان و ڕێگە نەدان بە گەڕانەوەی دیکتاتۆریەت لە ژێر هەر ناوێکدا بێت.دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی عێراق،ڕووڕەشی و شەرمەزاری بۆ دیکتاتۆریەت و هاوکارە تاوانبارەکانی".
