سودانی چاودێری رێوڕەسمی واژۆكردنی گرێبەستی نۆژەنكردنەوە و گەشەپێدانی فڕۆكەخانەی بەغداد دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، چاودێری ڕێوڕەسمی واژۆكردنی گرێبەستی نۆژەنكردنەوە و گەشەپێدانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادی كرد كە درا بە هاوپەیمانی كۆمپانیا براوەكان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە دەستی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی واژۆكردنی گرێبەستەكەی كرد كە درا بە هاوپەیمانی براوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی گەشەپێدان و فراوانكردن و بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، كە هاوپەیمانی CAAP، بە سەرۆكایەتی كۆمپانیای فڕۆكەخانەكانی كۆمپانیای ئەمریكا گرێبەستەكەی بردەوە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: دامەزراوەی نێودەوڵەتی دارایی (IFC) سەر بە گروپی بانكی نێودەوڵەتی، كە ڕاوێژكاری تایبەتمەندی حكومەتە، ماوەی دوو ساڵ كاری لەسەر ئامادەكردنی ئەم گرێبەستە و دابینكردنی پێداویستییەكانی خستنەڕووی پڕۆژەكە بۆ كۆمپانیا جیهانییەكان و هەڵسەنگاندنی باشترین گرێبەستەكان و ئامادەكردنی گرێبەستی تایبەت بە هاوبەشی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت بۆ گەشەپێدان و بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكە كردووە.
راشیگەیاند: پڕۆسەی گەشەپێدان و مۆدێرنكردنەكە بریتی دەبێت لە دروستكردنی هۆڵێكی نوێی گەشتیاران، بە توانای 9 ملیۆن گەشتیار لە ساڵێكدا لە قۆناغی یەكەمدا، كە دواتر بۆ 15 ملیۆن گەشتیار بەرزدەبێتەوە، جگە لە نۆژەنكردنەوەی ڕێڕەوەكانی فڕۆكەكان و دانانی پرد بۆ سەرخستنی گەشتیاران و دروستكردنی بینایەكی تەواو بۆ دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی و هۆڵێكی مۆدێرن بۆ كەسایەتییەكان و پاركێكی مۆدێرن بۆ ئۆتۆمبێل و نۆژەنكردنەوەی سیستەمە خزمەتگوزارییە گشتگیرەكان بە شێوەیەك كە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكان بگونجێت، هەروەها ڕاهێنانی كارمەندانی عێراقی ئێستا و دابینكردنی 1000 هەلی كاری نوێ بۆ هەر ملیۆنێك گەشتیاری نوێ لە كاتی زیادبوونی توانا.
