سودانی چەند ڕاسپاردەیەک ئاڕاستەی دەستپاکی دەکات لەبارەی پێشینەکانی خانەنشینان و مامەڵەی قوربانیانی تیرۆر
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، دەستەی دەستپاکی ڕاسپارد بۆ یەکلاکردنەوەی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی پێشینەکانی خانەنشینان و حاڵەتەکانی ساختەکردن لە مامەڵەی قوربانیانی دەستی تیرۆر
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە تیایدا هاتووە"لەچوارچێوەی بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، بۆ کارکردن لەسەر یەکلاکردنەوەی سەرجەم ئەو دۆسیانەی کە پێشکەش بە دەستەی دەستپاکی کراون، سەرۆک وەزیران فەرمانی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کۆنترۆڵ نەکردنی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی و بەشێک لە مووچەی خانەنشینان و مردووەکان، و وەرنەگرتنەوەی ئەو پێشینانەی کە لەسەر هەندێک لە خانەنشینانە و حاڵەتەکانی بەڕێکردنی ئەو مامەڵانەی قوربانیانی دەستی تیرۆر کە ساختەیان تێدا دەکرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە زۆر پێویستە سامانی گشتی بپارێزرێت و چاوپۆشی لە هیچ حاڵەتێکی ساختەکاری و سەرپێچی نەکرێت، کە ببێتە هۆی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی یان پێدانی بەو کەسانەی کە بە پێی یاسا شایستە نین، ئەمەش دەبێتە هۆی بێبەشکردنی سوودمەندان لە مافەکانیان.
سودانی ڕێنماییەکانی پێشووی خۆی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپاتکردەوە، بۆ پەلەکردن لە گرتنەبەری ژمارەیەک ڕێوشوێن بۆ باشترکردنی پرۆسەی ڕێکخستن و یاسایی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان لەوانە ئامادەکردنی داتابەیسی بایۆمەتری، و ئەنجامدانی پرۆسەی پێداچوونەوە بۆ گرێبەستەکانی خزمەتگوزاری پارەدانی ئەلیکترۆنی، و گرتنەبەری میکانیزمێکی ورد و پراکتیکی بۆ سەلماندنی ئەوەی کە خانەنشینان لە ژیاندا ماون، و بەدواداچوون بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پێشینە و مووچانەی کە بە کەسانێک دراون شایستەی نین، و جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکان بەشێوەیەکی تەواو دژی ئەو کەسانەی کە بە لێکۆڵینەوە سەلمێنراوە دەستیان هەبووە لە هەر پێشێلکارییەک یان بەهەدردانی سامانی گشتی.
