سودانی : ڕێکارەکانی بەرگری شارستانی و سەلامەتی مەرجی یاسایین
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئهنجومهنی وەزیران، ئەمڕۆ سێشەممە جەختیکردەوە کە بەرگری شارستانی و ڕێوشوێنی سەلامەتی مەرجی یاسایین، ئاماژەی بەوەکرد کە هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیندراوێكدا بڵاویکردەوە " ئهمڕۆ سێشهممه،" ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ سێشەممەدا کە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، بەڕێوەچوو میوانداری ئەو لیژنە لێکۆڵینەوەیەی کرد کە تایبەتە بە بەدواداچوون بۆ ڕوداوی ئاگرکەوتنەوە دڵتەزێنەکەی شاری کوت.
ئاماژەی بەوەکرد سودانی قسەکانی بە سەرەخۆشی بۆ گیانی قوربانییە بێتاوانەکان دەستپێکرد و ئاماژەی بەوەدا کە ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە سەردانێکی بۆ کوت ئەنجامدا و شوێنی ڕوداوەکەی بەسەرکردەوە هەروەها لەگەڵ حکومەتی خۆجێی کۆبووەوە، بە ئامادەبوونی چەند وەزیرێک و لیژنەی لێکۆڵینەوە.
سودانی ئەوەی ڕوونی کردەوە کە ڕووداوێکی لەم شێوەیە تاقیکردنەوەیەکە بۆ دەوڵەت و دامەزراوەکانی دوور لەتێهەڵچوون و سۆز و جەختیشی لە گرتنەبەری ڕێوشوێنێک کردەوە هاوتا بێت لەگەڵ ڕووداوەکە، هەروەها بە ڕوونی فەرمانی کرد لێکۆڵینەوەیەکی پیشەیی و زانستی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە بکرێت بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی ڕووداوەکە و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن و جەختیشی لەوە کردەوە کاتێک بابەتەکە پەیوەست بە ژیانی هاوڵاتیانمانەوە بێت هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە هەروەها دەبێت هەموو سەرپێچییەک ڕابگیرێت و لاببرێت.
ئەمەی خوارەوە دەقی لێدوانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە:
? ڕاسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پەسەند کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپارد بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردانە و ئەمینداریەتی گشتی ئەرکی پێشکەشکردنی ڕاپۆرت لە ماوەی یەک مانگدا لەسەر ناوەڕۆکی کۆنووسی لیژنەکە پێسپێردراوە.
? هیچ لایەنگری و بێ بایەخکردن و پەردەپۆشکردن بۆ هیچ ڕووداوێک نابێت و کاتێک بابەتەکە پەیوەست بە ژیانی هاوڵاتیانەوە بێت هەمووان بەرپرسیارن.
? کەمتەرخەمییەکی ڕوون و ئەدایەکی شکستخواردوو هەیە کە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست دەکات و خراپی ئەدای کارکردن و نیگەرانی هاوڵاتیانی لێدەکەوێتەوە، و تەنها نەبوونی متمانە نییە بە دەزگا خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان.
? ئەگەر ڕێکار و شارەزایی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتانەدا هەبوایە، ئەم ژمارەیە لە هاوڵاتیانمان لەدەست نەدەدا.
? داوا لە هەموو وەزیرێک دەکرێت ڕاپەڕینێکی ڕاستەقینە لەناو وەزارەتەکانی خۆیدا دەستپێبکات سەبارەت بە ئەدای کار و بەدواداچوون.
? مەرجەکانی سەلامەتی و ئاسایش و ڕێکارەکانی بەرگری شارستانی تەنها بابەتی تەواوکەر نین، بەڵکوو مەرجن و بە یاسا جێبەجێ دەکرێن.
? نەدەبوو هیچ ڕەزامەندییەک بدرێت مادام هیچ ڕێوشوێنی سەلامەتی لە شوێنی خۆیدا نییە و کەمتەرخەمی و شکست بووە هۆی ئەم کارەساتە.
? دەبێت دەسەڵات بدرێت بۆ هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی ئامرازەکان، جگە لە بەتواناکردنی بەرپرسان بۆ ئەوەی بەرپرسی ڕاستەقینە بن.
