سودانی ڕەتیدەکاتەوە راگرتنی ناردنی موچه بۆ هه‌رێمی كوردستان سیاسی بێت
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ره‌تیكرده‌وه، راگرتنی ناردنی موچه بۆ هه‌رێمی كوردستان سیاسی بێت و راشیگه‌یاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبوە یاسای بودجه و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، تاوه‌كو پابه‌ندیش نه‌بێت، وه‌زاره‌تی دارایی فیدڕاڵ ناتوانێت بودجه ره‌وانه بكات.
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (شەرقولئەوسەت) سه‌باره‌ت به‌موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم رایگه‌یاند، "تۆمه‌تێك به‌بێ هیچ بنه‌مایه‌ك یان پاساوێكی یاسایی و ده‌ستوریه بوترێـت به‌غدا هه‌وڵی برسیكردنی خه‌ڵكی كوردستان ده‌دات، چونكه ئه‌وان به‌شێكن له میلله‌ته‌كه‌مان، ئه‌م حكومه‌ته به تایبه‌تی پابه‌ند بوه به جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه ئه‌خلاقی و ده‌ستورییه‌كانی خۆی، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌رمان بۆ ڕێككه‌وتنه سیاسییه‌كه دابینكرد كه چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی له‌خۆگرتبو، به‌ڵام ئێمه باس له یاسای بودجه و بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی ده‌كه‌ین و ئه‌مانه‌ش زه‌مینه‌ی یاسایی پابه‌ندكه‌رن كه سه‌رۆك وه‌زیران ناتوانێت تێیانپه‌ڕێنێت".
وتیشی، "له‌دوای په‌سندكردنی یاسای بودجه و دواتر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند نه‌بوه به ڕاده‌ستكردنی سه‌رجه‌م نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراو له ناوخۆی هه‌رێم، وه‌ك له یاساكه‌دا هاتوه و دادگای فیدراڵیش پشتڕاستیكردوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بوه به ڕاده‌ستكردنی داهاته نا نه‌وتییه‌كان به خه‌زێنه‌ی گشتی، ئه‌مه‌ش پێشێلكردنی یاسا و بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵییه، بۆیه وه‌زاره‌تی دارایی ناتوانێت هیچ بودجه‌یه‌ك دابین بكات به‌بێ پابه‌ندبونی حكومه‌تی هه‌رێم".
ئاشكراشیكردوه، "له ئه‌نجامی به‌دواداچونمان بۆ چاره‌سه‌ره‌كان به درێژایی ماوه‌ی ڕابردو، ئه‌مه‌ش بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئێمه پاره له ده‌ره‌وه‌ی پشكی ته‌رخانكراو به‌پێی یاسای بودجه خه‌رج بكه‌ین، به‌هۆی ده‌رچونی یاسای دادگای فیدراڵی، هه‌روه‌ها جیاوازی له لێكدانه‌وه‌كان له نێوان پابه‌ندبون به پێدانی موچه و پابه‌ندبون به پشكی ته‌رخانكراو له یاسای بودجه‌دا هه‌یه، به به‌راورد به خه‌رجكردنی ڕاسته‌قینه‌ی بودجه‌ی گشتی، ئه‌مانه‌ش بابه‌تی یاسایی ته‌كنیكی ڕونن نه‌ك بڕیارێكی سیاسی"
سودانی ده‌شڵێت، "هه‌رێم قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستورییه كه ده‌وڵه‌تی عێراق به هه‌مو پێكهاته‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانیه‌وه ڕێزی لێده‌گیرێت، ئێمه حه‌زمان له سه‌قامگیری هه‌رێمه، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئێمه هاوكار و پاڵپشتی و به‌شداریمان له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه نزیكه‌ی هه‌شت بۆ نۆ مانگ له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێوه‌چو، به‌داخه‌وه تا ئێستا هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێم نه‌یانتوانیوه حكومه‌ت پێكبهێنن، حكومه‌تی فیدراڵی زۆر خواستی بو پشتگیری له كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات و بودجه‌یه‌ك ته‌رخان بكات، من به شه‌خسی دوای هه‌ڵبژاردن، گه‌شتێكم كرد بۆ سه‌ردانی هه‌مو هێزه سیاسییه براوه‌كانی هه‌رێم، داوام لێ‌كردن حكومه‌تێكی نوێ بۆ هه‌رێم پێكبهێنن، هه‌روه‌ها په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵات و ئه‌ركه‌كانی له چوارچێوه‌ی ده‌ستوردا جێبه‌جێبكات".
ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه، "له دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له سێشه‌ممه‌ی ڕابردودا، به وردی باس له بابه‌تی موچه كرا، هه‌روه‌ها ئه‌و وه‌ره‌قه‌ی كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته فیدڕاڵیه‌كانه‌وه پێشكه‌ش كرا و ئه‌و وه‌ره‌قه‌ی كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه پێشكه‌ش كرابو، خرانه‌ڕو، لیژنه‌یه‌كمان پێكهێنا به سه‌رۆكایه‌تی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری پلاندانان، پێنج وه‌زیریش وه‌ك ئه‌ندام، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پرۆژه‌یه‌ك به كۆده‌نگی له نێوان ئه‌و دو وه‌ره‌قه‌دا بدۆزنه‌وه به شێوه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ ده‌ستور و یاسا و بڕیاری دادگای فیدراڵیدا بگونجێت، پاشان ڕاسپارده‌كانیان ده‌خسته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ په‌سه‌ندكردن دوای ئه‌وه‌ی دڵنیابون له‌وه‌ی كه پابه‌ندبونێكی فه‌رمی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه به ناوه‌ڕۆكی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه هه‌یه".
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سودانی رایگه‌یاندوه، "سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كه‌سایه‌تییه‌كی نیشتیمانی به‌ڕێزه، ئه‌وپه‌ڕی ڕێز و پێزانینمان هه‌یه بۆی، ئێمه له ماوه‌ی ڕابردودا په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان دروستكردوه، باوه‌ڕمان به هاوبه‌شیكردن له‌گه‌ڵیدا هه‌یه له به‌ڕێوه‌بردنی دۆخی سیاسی‌دا، وه‌ك ئاماژه‌م پێدا، جیاوازی یان لێكچون له هه‌ڵوێستی ئه‌م دواییه یاسایی و ته‌كنیكییه نه‌ك سیاسی، ئه‌و زۆر باش ده‌زانێت كه ئێمه حه‌زمان له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌مانه، جا له هه‌رێمی كوردستان بێت یان باقی پارێزگاكان، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئێمه ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هامان نییه ده‌ستور و یاسا تێپه‌ڕێنین، ئێمه پاره‌ی گشتیمان بۆ هه‌مو عێراقییه‌كان پێ سپێردراوه، ئه‌ركی سه‌رشانی ئێمه‌یه به بێ هیچ جیاوازی و ئیستسنایه‌ك، دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی به‌دی بهێنین".
