سوریا.. پارێزگای حەلەب ڕایگەیاند دەوامی سبەینێ چوارشەممە بەهۆی پێکدادانەکانەوە ڕادەگیرێت
پارێزگای حەلەبی سوریا، ڕایگەیاند کە دەوامی فەرمی بۆ سبەینێ چوارشەممە لە تەواوی قوتابخانە و زانکۆ حکومی و تایبەتەکان و فەرمانگە حکومییەکانی ناو شاری حەلەب ڕادەگیرێت.
پارێزگار عەزام غەریب لە ڕاگەیەندراوێکدا کە کەناڵی (حلب) لە تێلیگرام بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاند: ڕاگرتنی دەوام لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخی ئێستا و بە ئامانجگرتنی چەندین نەخۆشخانە و دامەزراوە دێت بەهۆی بۆردومانی هەڕەمەکی تۆپخانەکانی ڕێکخراوی هەسەدە .
غەریب وتیشی: بڕیارەکە هەڵوەشاندنەوەی هەموو چالاکییە بەکۆمەڵ و کۆمەڵایەتییەکان لەم ماوەیەدا دەگرێتەوە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی هەمووان، تەنها کارمەندانی تەندروستی و خزمەتگوزاری و فریاکەوتن دەوام دەکەن و جەختی لە پێویستی بوونیان کردەوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ هاوڵاتیان.
پارێزگار ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەیدانی چاودێری دۆخەکە دەکەن و ڕێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری شارەکە، داواشی لە دانیشتووان کرد پابەندی ڕێکارەکان بن و وریایی بنوێنن.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بڕیارە سەرەڕای تێگەیشتن لە قەبارەی ئەو کاریگەرییەی لەم قۆناغەی ساڵی خوێندندا دروستی دەکات دراوە، بەڵام سەلامەتی ڕۆڵەکانمان و کادرانی خوێندن لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
