سوپای سوریا ڕاگرتنی شەڕی لە شێخ مەقسود ڕاگەیاند
بەپێی راگەیەندراوێکی سوپای عەرەبی سوریا، دەستەی ئۆپراسیۆنی سوپاکەیان کۆتاییان بە شەڕ لە گەڕەکی شێخ مەقسود هێناوە.
میدیای ئەلئەخباریەی سوریا ڕاگەیەندراوێکی دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سوریای بڵاوکردووەتەوە و تیایدا کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە گەڕەکی شێخ مەقسود ڕاگەیاندووە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای عەرەبیی سوریا، لە کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆوە سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەناو گەڕەکی شێخ مەقسود ڕاگیراون.
ئەو سوپایە ئەوەشی خستووەتە روو، ئەو چەکدارانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' کە لەناو "نەخۆشخانەی یاسین"دا گەمارۆ درابوون و خۆیان حەشار دابوو، دوای وەرگرتنەوەی چەکەکانیان و چەککردنیان، بەرەو شاری "تەبقە" دەگوێزرێنەوە.
راشیگەیاندووە، سوپای عەرەبی سوریا دەست دەکات بە ڕادەستکردنەوەی سەرجەم بنکە تەندروستی و حکومییەکان بە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت، هاوکات هێزەکانی سوپا بەشێوەیەکی پلەبەندی لە شەقام و کۆڵانەکانی شێخ مەقسود دەکشێنەوە.
