سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەمجار موشەکی بالیستی "خورەمشار-4 ئاشکرا دەکات
ئاژانسی هەواڵی فارسى ئێرانی بڵاویكردەوە، سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە بۆ یەکەمجار یەکێک لە نوێترین موشەکە بالیستییە دور مەوداکانی لە "شارە موشەکییەکان" لەژێر زەویدا ئاشكراكرد، لە هەنگاوێکدا کە ڕەنگدانەوەی بەهێزکردنی تواناکانی ئێرانە لە چوارچێوەی ئەوەی ناوی دەبات بە "عەقیدەی هێرشبەری" و بەرگری چالاک.
ئاژانسی هەواڵی فارس ئەمڕۆ پێنجشەمممە بڵاویكردەوە، موشەکی بالیستی "خورەمشار-4" لە نێوان کەلوپەلە ئۆپەراسیۆنییەکاندا بینراوە لە کاتی مەراسیمی پەردەلادان لەسەر شارێکی موشەکی نوێی سەر بە هێزی ئاسمانی-فەزایی لە سوپای پاسداران.
ڕونیشیکردەوە، خورەمشار-4 کە بە "خەیبەر"یش دەناسرێت، بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی توانای موشەکی ستراتیژی ئێران دادەندرێت. چونە خزمەتی ئەم موشەکە لە دامەزراوەکانی ژێر زەویدا تەنها نمایشێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو ئاماژەی ئۆپەراسیۆنی و ستراتیژی لەخۆدەگرێت لە سایەی زیادبونی هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئێران.
ئاژانسەکە باسی لەوەشكرد، موشەکەکە مەودای دەگاتە نزیکەی دو هەزار کیلۆمەتر، و كڵاوەیەكی جەنگی هەڵدەگرێت کە کێشەکەی نزیکەی هەزار و 500 کیلۆگرامە، بە دیزاینێک کە ئامانجی زیادکردنی وردی و توانای بڕینی سیستمەکانی بەرگری موشەکییە.
ئەوەشی زیادکرد، کە خورەمشار-4 بە بزوێنەری "ئەروەند" کاردەکات کە سوتەمەنی خۆگیرساو بەکاردەهێنێت، ئەمەش کاتی ئامادەباشی کەمدەکاتەوە و ڕێگە دەدات لە سەکۆ گۆڕاوەکانەوە لە ماوەی کەمتر لە 15 خولەکدا هەڵبدرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی فارس بڵاویکردونەتەوە، خێرایی موشەکەکە دەگاتە 16ماخ لە دەرەوەی بەرگەهەوا و نزیکەی 8 ماخ لە ناویدا، ئەوەش کاتی فڕین بۆ نێوان 10 بۆ 12 خولەک کەمدەکاتەوە.
