سوپای پاکستان: لەئەنجامی 24 هێرشی سوپای هیندستان هەشت هاوڵاتی کوژران و 35ـی دیکەش بریندار بوون
سوپای پاکستان ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند، لە ئەنجامی 24 هێرشی سوپای هیندستان بۆ سەر شەش شوێن لە پاکستان، هەشت هاووڵاتی مەدەنی کوژران و 35ـی دیکەش بریندار بوون و دووکەسیش بێسەروشوێن بوون.
لیوا ئەحمەد چەودەری، گوتەبێژی سەربازیی پاکستان ڕایگەیاند، لەنێو ئەو هەشت کوژراوانەدا کچێکی تەمەن سێ ساڵان هەیە، لە مزگەوتێکی شاری بەهاولپور لە ویلایەتی پەنجابی پاکستان کوژراوە.
کاربەدەستانی پاکستان دەڵێن؛ دانیشتووانی پارێزگا و چەند ناوچەیەکی پاکستان قوتابخانەکانیان داخستووە و باری نائاساییان ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی هیندستان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند شوێنێکی ناو پاکستان کردووە.
لە پەنجاب نزیکەی 130 ملیۆن کەسی تێدا نیشتەجێیە، دەسەڵاتدارانی ڕایانگەیاندووە، پزیشکان و فریاگوزاری و کارمەندانی فریاگوزاری لە سەرانسەری پارێزگاکەدا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی، لە دوای مووشەکەکانی هیندستان کە لە دوو شوێنیان داوە.
شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، کۆبوونەوەی بەپەلەی کرد و ئەنجوومەنی ئەمنیی وڵاتەکەی بانگهێشت کرد و سوپای پاکستانیش ڕایگەیاند، هێرشی بەرپەرچدانەوەی بە ئامانجگرتنی دامەزراوە سەربازییەکانی ناو کشمیر، لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوە دەبرێت، دەستپێکردووە.
سەرچاوەیەکی هەواڵگریی پاکستانی پێشبینی کردووە، هیندستان لە کشمیر زیاتر بەرەوپێش بچێت و دەڵێت: سوپای هیندستان لانیکەم 12 ئامانجی لە کشمیر پێکاوە.
