سوید ستایشی پێشهاتە ئەرێنییەکانی زیندانەکانی عێراق دەکات
سوید ئەمڕۆ چوارشەممە ستایشی پێشهاتە ئەرێنییەکانی ناو زیندان و چاکسازییەکانی عێراقی کرد و ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان هەردوو وڵات پشتڕاستکردەوە.
وەزارەتی داد لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە لە بارەگای وەزارەت، دکتۆر خالید شوانی وەزیری داد پێشوازی لە بەڕێز یۆرگن لیندسترۆم، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی سوید لە بەغدا کرد و،لە میانی دیدارەکەدا ئاسۆی هاریکاریی دادیی و یاسایی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان تاوتوێ کران. هەروەها باس لە ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی تایبەت کرا لەسەر ئاڵوگۆڕی سزادراوان و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی شارەزایی لەکەیسەکانی ناکۆکیی یاسایی و ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کرا.
وتیشی وەزیر شوانی لەمیانی دیدارەکەدا تەئکیدی لە پەرۆشی وەزارەتی داد بە کراوەیی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا بە تایبەتی لە بوارەکانی دادیی و یاسایی و مەلەفی مافەکانی مرۆڤدا کردەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز لیندسترۆم ستایشی ئەو پێشهاتە ئەرێنییانەی کرد کە لە عێراقدا بەدی کراون بەتایبەتی لەناو زیندانیی و دامەزراوە چاکسازییەکاندا، خواستی وڵاتەکەیشی بۆ فراوانکردنی هاریکاری لەگەڵ عێراق لەبوارەکانی یاسایی و دادیی و پاڵپشتیکردنی پرۆگرامەکانی بنیاتنانی توانا و ئاڵوگۆڕی شارەزایی نێوان هەردوولادا دەربڕی.
