سیروان بارزانی: بڕیاری سزادانی کۆڕەک تیلیکۆم کاتییە و چارەسەری دەکەین
بەڕێوەبەری کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەڵێت، بڕیاری سزادانی کۆڕەک تیلیکۆم ناڕەوایە و بڕیارێکی کاتییە، لەمکاتەشدا ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەری کێشەکە چڕکردووەتەوە.
سیروان بارزانی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانی مامەڵە دەکات و رێکارەکانیشی بەرامبەر کۆڕەک تیلیکۆم ناڕەوان و جێگەی نیگەرانین.
وتیشی، دۆسیەی سزاکانی سەر کۆڕەک تیلیکۆمی رادەستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و داوایکردووە حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بێلایەن پێکبھێنن و ئەوانیش ئامادەن ھەر قەرزێک کە لەسەریانە خەرجی بکەن، لەبەرامبەریشدا دەبێت مافەکانیان پێبدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕەک تیلیکۆم ئاشکراشیکرد، ھەوڵێک ھەیە بۆ شکاندنی کۆڕەک تیلیکۆم کە حەوت ملیۆن بەشداربووی لە وڵاتدا ھەیە، جەختیشیکردەوە بڕیاری سزادانی کۆمپانیاکەی کاتییە و لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
