سەدر داوای پاراستنی سنوور و دەروازەکان لەگەڵ سووریا دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە"سەید موقتەدا سەدر"ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (ئێکس) نوسیویەتی، ئەوەی لە سوریا ڕودەدات، بابەتێک نییە کە بە سادەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و پێویستە لەسەرتان دەستبەجێ سنورەکان و دەروازەکان بپارێزن ئاماژەی بەوەش کرد بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستوەردان نەکەن لەوەی لە سووریا ڕوودەدات.
ئەمەی خوارەوە دەقی پۆستەکەیەتی :- ململانێ و پێشبڕکێکانتان لەسەر ئەم دنیا فانییە واز لێ بهێنن و سەرنج بدەنە ئەو مەترسییانەی کە لە دەوروبەرتان دەگوزەرێت، چونکە نە خودا و نە مێژو بەزەییان پێتاندا نایەتەوە. نابێت عێراق فەرامۆش بکرێت، ئەگەرنا ئەوە دەبێتە سەرەتای کۆتایی.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی لە سوریا و لە نزیک سنورەکانی عێراق ڕودەدات، بابەتێک نییە کە بشێت بە سادەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو پێویستە بابەتەکە بە هەند وەربگیرێت، چونکە مەترسییەکە گەورەیە و تیرۆر لەلایەن ئیستیکباری جیهانییەوە پاڵپشتی دەکرێت.
موقتەدا سەدر لە پەیامەكەیدا دەشڵیت، "پێویستە لەسەرتان دەستبەجێ سنورەکان و دەروازەکان بپارێزن و هەر ئێستا و بەپەلە هێزی پشتیوانی بنێرن".
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە هۆشداری بە سەركردەكانی هەرێمی كوردستان دەدات و دەڵێت، "ئامۆژگاری هێزە سیاسییەکانی باکوری عێراق دەکەم کە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ نەکەن، چونکە ئەوە دەبێتە بیانو بۆ بڵاویونەوەی تیرۆر لە خاکی عێراقدا".

