سەدر دوای کوتاییهاتنی هەڵبژاردنی گشتی: هەوڵمان نەدا ڕێگری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەین
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، سەیدا موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانی شیعە، دووپاتی کردەوە کە ڕەوتەکە هەوڵی ڕێگری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن نەداوە.
موقتەدا سەدر، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەسەر پێویستیی چاکسازی و ڕزگارکردنی وڵاتەکەی دەکاتەوە.
سەدر، سەرەڕای بایکۆتکردنی لایەنگرانی لە پڕۆسەی هەڵبژاردن ڕایگەیاند: ئەوان دژی پڕۆسەی هەڵبژاردن نین، بەڵکو داوای دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتمانی ڕاستەقینە دەکەن کە بتوانێت عێراق ڕزگار بکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، سەدر ئاماژەی بەوەدا، داخستنی دەرگاکانی دەنگدان و کەمبوونەوەی ژمارەی دەنگدەرانی بایکۆتکەر، نیشانەیەکە لە ناڕەزایەتی بەرانبەر فرۆشتنی عێراق و سزایەک بۆ ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لەم کارەدا.
ئەو بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەم دۆخە دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت عێراق بەرەو لێواری مەرگ ببەن و وەک بوتڵێک فڕێی بدەن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا، سەدر ئەرکێکی قورسی خستە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی گەندەڵی و گەندەڵکاران، بە بڕوای ناوبراو، نابێت بەزەیی بە گەندەڵکاراندا بێتەوە، چونکە دیموکراسییەت لە عێراقدا بووەتە لاشەیەک بەهۆی ئەو مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییانەی کە تووشی بووە.
لە کۆتاییدا، سەید موقتەدا سەدر دووپاتی کردەوە عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پڕۆسەی سیاسی وڵات ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ناڕەزایەتییەکی زۆر بووەتەوە.
لە خوارەوە دەقی بڵاوکراوەکەی سەدر دەخەینە ڕوو، کەدەستی "موتەڵع" گەیشتووە:

