سەدر: قەدەغەکردنی هەر جۆرە گرژییەک یان جووڵەیەکی نایاسایی لە پارێزگای میسان
ئەمڕۆ شەممە ، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە سەید موقتەدا سەدر، جەختی کردەوە لە قەدەغەکردنی هەر جۆرە گرژییەک یان جووڵەیەکی نایاسایی لە پارێزگای میسان.
سەید سەدر لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "پێویستە یاسا ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی بگرێتە بەر بۆ ئاشکراکردنی ئەو تاوانبارانەی بوونە هۆکاری ڕشتنی خوێنی عێراقییەکان و ڕاگرتنی خوێنڕێژی، هەروەها دەبێت بڕواداران و پیاوچاکان نەکەونە دوای ئەو فیتنە و پیلانانەی کە گەندەڵەكان هەوڵی بۆ دەدەن بۆ چاککردنی وێنەی خۆیان لەبەردەم شوێنکەوتووانیان و کەسانی تریشدا."
هەروەها وتی: "لێرەوە، هەر جۆرە گرژییەکی نایاسایی یان هەر جووڵەیەک لە دەرەوەی ڕێکارە یاسایی و عەشایەرییە ڕێکخراوەکان قەدەغەیە، ئەگەرنا ئەوا یارمەتیدەری ئەوان بوون لە گەندەڵی و فیتنەکەیاندا. هەروەها نابێت شوێن کردەوە نزمەکانیان بکەون هەرچەندە پیلان بگێڕن، چونکە ئەوان پیلان دەگێڕن و خودای گەورەش پیلانیان لێ دەگێڕێتەوە، کەواتە ئارام بگرن چونکە خودا لەگەڵ ئارامگرانە."

