سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران ئەو بەستەلەکەی لابرد کە لە پەیوەندیی ئێران و هەرێم هەستی پێکرا
مەحەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران توانی ئەو بەستەلەکە بمرێنێتەوە کە ماوەیەک بوو لە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان هەستی پێکرا.
سەرۆکی پارتی سۆسیالیست ئاماژەی بەوەشکردووە کە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی لە (10ـی حوزەیرانی 2024) دواخست، چونکە وەک دەزانرێت ماوەیەکی زۆر کێشە هەبوو لەناو هەرێمدا لەسەر بابەتی هەڵبژاردن و بەغداو کۆمسیۆنیش سوربوون لەسەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، بەڵام کە سەرۆکی هەرێم سەردانی تارانی کرد، هێشتا لە ئێران بوو کە لە بەغدادەوە هەڵبژاردن دواخرا و کۆمسیۆنیش ئەو پۆستەرانەی ناردی بۆ ئیمارات لە چاپکردنی وەستاند.
مەحەممەدی حاجی مەحموود لەمیانەی بەشداری لە چاوپێکەوتنێکی میدیای دەنگی ئەمەریکا وتیشی: پێم وایە هەرێمی کوردستان و هەم ئێرانیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە پێوستییان بەیەکترە.
سەبارەت بە سەرەوەری عێراق، مەحەممەد حاجی مەحمود دەڵێت: ئێستا عێراق وەکو دەوڵەت بوونی نیە و سەروەری نیە، گەورەترین بنکەی سەربازی تورکیا لە بەعشیقەیە (موسڵ) ڕۆژانە فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتووچۆ دەکەن، لەهەر وڵاتێکدا یەک سەربازی ئەو وڵاتە لە وڵاتێکی تر بێت و سنوری بەزاندبێت، سەرۆکی وڵاتی داگیرکار پێشوازی لێناکرێت تا نەکشێتەوە، کەچی عێراق شەش مانگ حەفلەی کرد لەبەرئەوەی ئەردۆغان سەردانی کرد.
شایەنی باسە، ڕۆژی 5ـی ئایاری 2024، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێران عەلی خامنەیی و سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران ئیبراھیم ڕەئیسی، هەروەها لەگەڵ مەحەممەد باقر قالبیێف، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێران کۆبووە.
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ماوەی دوو ڕۆژی خایاند، لەم سەردانەدا لەگەڵ چەند بەرپرسی باڵای ئێران کۆببوە بۆ هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.
