سەرکردەیەک لە عەززم: سەردانەکەی سودانی بۆ مەحەممەد حەلبووسی سەردانی کەسی و تایبەت بوو
سەرکردەیەک لە پارتی عەززم: سەردانەکەی سودانی بۆ مەحەممەد حەلبووسی سەردانی کەسی و تایبەت بوو.
سەرۆکی هاوپەیمانێتی عەززم حەیدەر مولا ڕۆژی چوارشەممە (15ـی تشرینی دووەمی 2023) ئاشکرای کرد کە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، مەحەممەد شەیاع سودانی بۆ لای مەحەممەد حەلبووسی (سەرۆک پەرلەمانی لەکار خراو)، سەردانێکی تایبەتی بوو نەک وەک سەردانی وەک سەرۆکی پەرلەمان، جەختیشی کردەوە کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئێستا مافی ئەوەی هەیە سکاڵای یاسایی دژی حەلبووسی تۆمار بکات، بە تۆمەتی بەکارھێنانی حەلبووسی پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان سەرەڕای لەکار خستنی لەلای دادگای فیدراڵی.
حەیدەر مولا لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانسی "موتەڵع" ڕایگەیاند: "نوسینگەی سەرۆک وەزیران مەحەممەد شەیاع سودانی پشتڕاستی کردۆتەوە کە سەردانەکەی بۆ حەلبووسی سەردانی کەسی و تایبەت بووە نەک وەک سەردانی بۆ لای سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام نوسینگەی مەحەممەد حەلبووسی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا مەحەممەد حەلبووسی بە پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان ناوبرد".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێدەچێت نووسینگەی مەحەممەد حەلبووسی نایەوێت ئەو پۆستە (سەرۆکی پەرلەمان) جێبهێڵێت کە تێیدا بووە یان تا ئێستا لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تێنەگەیشتووە، بڕیاری کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی حەلبووسی ئێستا پابەندە بە هەموو دەسەڵاتەکانەوە و بە تەواوی ناگەڕێتەوە سەر پۆستەکەی وەک سەرۆکی پەرلەمان".
دووپاتکردەوە، "پەرلەمان مافی ئەوەی هەیە سکاڵایەکی یاسایی دژی حەلبووسی تۆماربکات، بەهۆی خۆ ناساندنی وەک سەرۆکی پەرلەمان سەرەڕای دوورخستنی لە کارەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی هەواڵێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا بڕیارەکەی دەسەڵاتی دادوەری پشتگوێ خستووە، بۆیە تاوانێکە دەبێت تۆمار بکرێت لەگەڵ ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی داوە".
سەبارەت بە گەڕانەوەی مەحەممەد حەلبووسی بۆ پۆستەکەی یان ڕەتکردنەوەی جێهێشتنی، حەیدەر مولا وتی: "ئەو بابەتەی کە پرسیار لێوە دەکەن تەواوبووە و بەهیچ شێوەیەك ناگەڕێتەوە سەر کارەکەی"، جەختی کردەوش: "بەڵگەی لەکارخستنی حەلبووسی ئەوەیە کە ئێستا دانیشتنێک لە ئەنجومەنی نوێنەران لەژێر سەرۆکایەتی جێگری یەکەم موحسین مەندلاوی ئەنجام دراوە".
شایەنی باسە، دوێنێ سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023)، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مەحەممەد حەلبووسی دا بە تۆمەتی ساختەکاری لە کەیسی دەستلەکار کێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلەیمی.
