سەرۆك کۆمار وسەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن پرسی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ سێشەممە 16-4-2024 لە عەممانی پایتەختی ئوردن سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد، کە هەریەك لە خالید بەتال نەجم وەزیری پیشەسازی و کانزاکان و تاڵیب خەلیل راهی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لێپرسراو و راوێژکار یاوەرییان دەکرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە:-لەگەڵ گەیشتنی سەرۆك کۆمار، لەلایەن ئەحمەد ئەلسەفدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردنەوە پێشوازی لێکرا و ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکەی کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید جەختی لە گرنگی چەسپاندنی پەیوەندیی نێوان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن لە بوارەکانی یاسادانان و یاسایی و هاوئاهەنگی هاوبەش لە هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکاندا کردەوە، جگە لە پەرەپێدانی هاریکاری لە بوارە ئابوری و بازرگانییەکان بەوپێیەی پەیوەندییە مێژوویی و جوگرافی و کۆمەڵایەتییەکان هەردوو وڵات کۆدەکەنەوە.
هەروەها سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەدا، ئێستا لە عێراقدا سەقامگیریی ئەمنی هەیە دوای ئەوەی چەند ساڵێك بەهۆی تیرۆری تاریکەوە ئاڵنگاری ئەمنی هەبوو. هەروەها رونیکردەوە، ئێستا کار لەسەر پرۆسەی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاری بۆ عێراقییەکان دەکرێت لەڕێی پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا و هاندانی سەرمایەداران و کۆمپانیاکانی وڵاتانی برا و دۆست بۆ هاتن و کارکردن لە بازاڕی عێراقدا.
لای خۆیەوە ئەحمەد ئەلسەفدی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی سەرۆك کۆمار بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن دەربڕی، هەروەها سەردانەکەی بۆ شانشینی ئوردن بە مێژوویی وەسفکرد و ئاماژەی بە گرنگییەکەی کرد لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هاوکات جەختی لە پەرۆشی خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم و گەلی ئوردن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان کردەوە، بەشێوەیەك کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەلی برا بکات.
