سەرۆك کۆمار:پێویستی بایەخدان بە پزیشکان و پاڵپشتیکردنیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە پزیشکی و مرۆییەکانیان
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە دکتۆر حەسەنەین سەفا شوبر نەقیبی سەندیکای پزیشکان و وەفدی یاوەری.
سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 7-5-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار پیرۆزبایی لە دکتۆر حەسەنەین سەفا شوبر کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك نەقیبی سەندیکای پزیشکان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە کار و ئەرکەکانیدا، هاوکات سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە رۆڵی گرنگ و پشتیوانانەی سەندیکا بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکومەت لەپێناو باشترکردنی دۆخی تەندروستی و چاودێریکردنی کاری کلینیکە تایبەتەکان و رەچاوکردنی نرخی پشکنینەکان، کە ئەوە بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان کەمدەکاتەوە.
سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی بایەخدان بە پزیشکان و پاڵپشتیکردنیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە پزیشکی و مرۆییەکانیان، جەختیشیکردەوە، کە پزیشکانی عێراق ناوبانگی باشیان لە زۆرێك لە وڵاتانی پێشکەوتودا هەیە.
لای خۆیەوە نەقیبی سەندیکای پزیشکان باسی لە شێوازی بەڕێوەچونی کارەکانی سەندیکا و ئەو بابەتانە کرد، کە کاریان لەسەر دەکەن لەپێناو پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی بواری کاری تەندروستی و چارەسەرکردن لە وڵات و گرنگیدان بە پزیشکە نوێیەکان. هاوکات ئاماژەیکرد بە هەوڵەکانی سەندیکا بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەندیکای پزیشکان ساڵی 1984، چالاککردنی یاسای پاراستنی پزیشکان ساڵی 2013 و یاسای پاڵپشتی پزیشکان ساڵی 2016.
هەروەها نەقیبی سەندیکای پزیشکان جەختی لەوە کردەوە، کە رێنماییەکانی بەڕێز سەرۆك کۆمار دەبێتە رێنوێنی کارکردنیان بۆئەوەی شان بەشانی پێشکەوتنەکان لە بواری پزیشکی هەنگاوبنێن لەڕێگەی بەشداریکردن لە کۆنفرانسە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان یاخود سازکردنیان لە عێراق بەمەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی ئەزمون و زانیارییەکان سەبارەت بە پێشکەوتنی زانست و پێشخستنی شێوازەکانی چارەسەری مۆدێرن.
