سەرۆک وەزیران:بەرەوپێشچونی توانای هێزە ئەمنییەکانمان ئاماژەیەکی باشە بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "بەرەوپێشچونی توانای هێزە ئەمنییەکانمان، ئاماژەیەکی باشە بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی"، لە بەرامبەردا وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی، ئێمە پشتگیری لەو هەنگاوەی حکومەتی عێراق دەکەین و ئەڵمانیا ئامادەیە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی ئاسایش و سەربازی لەگەڵ عێراق."
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ تۆبایس لێندنەر وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبوەو و گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییە هاوبەشەکانی هەردو وڵات کرد.
لە کۆبونەوەکە محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند، پێشوازی لە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەکەن، کە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەی گەشەپێدان و چالاکردنی ژێرخانی ئابوری عێراق بەشدارن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی سەقامگیری و ئاسایشی ئێستای عێراق لەئاستێکی باشدایە، بەرەوپێشچونی توانای هێزە ئەمنییەکانیش ئاماژەیەکە بۆ گرنگیدانیان بە کۆتایی هێنان بە دۆسیەی بونی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
لە بەرامبەردا وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەوەی خستەڕو، ئەڵمانیا پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە بونی هێزی هاوپەیمانان لە وڵاتەکە، ئەوانیش ئامادەم واژۆ لەسەر رێکککەونی هەماهەنگی دوقۆڵی بکەن لەگەڵ عێراق لە بوارەکانی ئاسایش و سەربازی.
