سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار جەخت لە گرنگی جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان دەکەنەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، محەمەد شیاع سودانی و سەرۆک کۆمار، عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، جەختیان لە گرنگی جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان کردەوە، بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای درێژەدانی بە پڕۆسەی گەشەپێدان و بوژانەوەی ئابووری هەبێت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە سەرۆک کۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید".
ئاماژەی بەوەشکرد کە ، لە دیدارەکەدا "باس لە دوایین پێشهاتەکانی وڵات و ناوچەکە کرا و جەخت لەسەر پێویستی پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و پاڵپشتیکردنی ڕێوشوێن و هەنگاوەکانی حکومەت کرایەوە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی سەرەکی عێراق لە ناوچەکەدا".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا "جەتکرایەوە لەسەر پابەندبوونی حکومەت بە سیاسەتی هاوسەنگ لە پەیوەندییەکانی دەرەوە و هەڵوێستی پاڵپشتیکراو بۆ وتوێژ لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی".
ئاماژەی بەوەشکرد کە ، لە بەشێکی تری دیدارەکەدا "جەخت لە گرنگی جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان کرایەوە، بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای درێژەدانی بە پڕۆسەی گەشەپێدان و بوژانەوەی ئابووری هەبێت و لە قۆناغی داهاتوودا خواستەکانی گەلی عێراق بەدی بهێنێت".
