سەرۆک ڕەشید جەخت لە تەواوکردنی ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکاتەوە
دکتۆر عەبدولـلـەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمار جەخت لە تەواوکردنی ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار ، کەدەستی موتەڵع کەوتووە"لەتیف جەمال ڕەشید" سەرۆک کۆمار، لە کۆشکی بەغدا، پێشوازی لە "عەبدولئەمیر شمەری" وەزیری ناوخۆ کرد.
هەر لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو و ڕێگاکانی دڵنیابوون لە سەرکەوتنی کرا، بە شێوەیەک کە ڕێڕەوی دیموکراسی لە وڵاتدا بەهێزتر بکات.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی دابینکردنی کەشێکی ئارام و جێگیر کرد کە هەڵبژاردنەکان و بەکارهێنانی مافی دەستووری هاوڵاتیان لە دەنگدان بە ئازادی و شەفافیەت مسۆگەر بکات.
لەدرێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە : سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی ڕۆڵی وەزارەتی ناوخۆ لە پاراستنی ناوەندەکانی هەڵبژاردن و دڵنیابوون لە پڕۆسەی دەنگدان لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پلانێکی ئەمنی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەدا کردەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان.
راگەیەندراوکەی سەرۆکایەتی کۆمار ئەوە شی خستۆتەڕوو : کە لەلای خۆیەوە، وەزیری ناوخۆ پلانی تایبەتی وەزارەتەکەی بۆ پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدان و پاراستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن خستەڕوو،هەروەک جەختی لەسەر ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و بە شێوەیەک کە هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئەمنی و ڕێک و پێکدا بەڕێوەبچن.
