سەرۆک کۆمار جەخت لەگرنگی پەرەپێدانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکاتەوە
سەرۆک کۆمار لەمیانی پێشوازیکردنی لە فەرماندەی نوێی نێردەی ناتۆ لەعێراق جەختی لەگرنگی پەرەپێدانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە "سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئایاری 2025، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی کرد، لەژەنەڕاڵ کریستۆڤەر هەنتزی، فەرماندەی نوێی نێردەی ناتۆ لەعێراق بە ئامادەبوونی فەرماندەی پێشوو ژەنەڕاڵ لۆکاس شوایەرز.
لەمیانەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار، بەخێرهاتنی هەردوو سەرکردەی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرک و کارەکانیان و باسیان لەچۆنیەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هاوپەیمانی ناتۆ کرد لەبوارەکانی پەیوەست بە بنیاتنانی توانا و پاڵپشتی لۆجستی بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق و ڕاوێژکاری و ڕاهێنان .
وتیشی سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەگرنگی پەرەپێدانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و توانایان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان کرد، کە ببێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
هەر لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە دۆخ وپێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە کرا و رەشید دوپاتی لە گرنگی فراوانکردنی هاریکاری دوو قۆڵی نێوان عێراق و ناتۆ کردەوە، بەجۆرێک کەبەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان و ئاسایشی ئەلکترۆنی و سیستمی هەواڵگری لەخۆ بگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
لەلای خۆیەوە ژەنەڕاڵ کریستۆڤەر هەنتزی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار و پەرۆشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ناتۆ دەربڕی، جەختیشی لەهەوڵەکانی ناتۆ بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی لە عێراق کردەوە بە شێوەیەک کەخواستەکانی گەلی عێراق بۆ ئاسایش و سەقامگیری بەدیبهێنێت.
