سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پەرەپێدان و بەهێزکردنی پێگەی زانکۆکانی عێراق کردەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی فێرکردن و بەشداریکردن لە بەهێزکردنی پێگەی زانکۆکانی عێراقدا کردەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەكۆشكی بەغداد، پێشوازیكرد لەوەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، نەعیم عەبودی .
لەدیدارەكەدا باس لەدۆخی زانكۆ و پەیمانگاكانی عێراق و پێشكەوتنی پرۆسەی خوێندن لە وڵاتدا كرا، سەرۆك كۆمار جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی فێركردن و بەشداریكردن لە بەهێزكردنی پێگەی زانكۆكانی عێراقدا كردەوە.
هەروەها سەرۆك كۆمار تەئكیدیكردەوە: لەپێویستی گرنگیدان بە خوێندكارانی دەرچوو و بەشدارپێكردنیان لەخولەكانی گەشەپێدان پێش دامەزراندنیان بۆ بەرزكردنەوەی ئەزموون و لێهاتوویی و توانا تەكنیكییەكانیان، ئەمەش وایان لێدەكات بتوانن خۆیان لەگەڵ ژینگەی كاركردندا بگونجێنن و پێشكەوتن و گەشەپێدانیش لەوڵاتدا دەستەبەربكرێت، هاوكات ئاماژەی بە پێویستی فراوانكردنی سیستمی سكۆلەرشیپ كرد بۆ هاندانی خوێندكاران بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵەكانیان لە بواری فێركردن و زانستدا.
لەلای خۆیەوە وەزیری خوێندنی باڵا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕێنماییەكانی سەرۆك كۆمار دەربڕی و ڕونكردنەوەیەكی سەبارەت بە كارەكانی وەزارەت و پلانەكانی داهاتوو بۆ پەرەپێدانی كەرتی خوێندنی باڵای لەوڵاتدا خستەڕوو.
