سەرۆک کۆمار: دەسەڵاتی دادوەری پایەیەکی سەرەکییە لە بونیادنان و پێشخستنی کۆمەڵگەدا
سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید پێشوازیکرد لە دادوەر فایق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری.
لە میانی دیدارەکەدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-3-2024 لە شاری بەغداد بەڕێوەچوو، تاوتوێ بارودۆخی ئەمنی و سیاسی وڵات و ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە چەسپاندنی هێزی یاسا و دادپەروەریدا کرا.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە دەستەڵاتی دادوەری پایەیەکی گرنگی دەوڵەت و بناغەی بونیادنان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەیە کە لەڕێگەیەوە ماف و موڵک و ماڵی هاوڵاتیان دەپارێزرێت، هاوکات دادپەروەری بەدیدێت و یاسا جێبەجێ دەکرێت، جگە لەوەی بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ستەملێکراوان دەکرێت و ئاسایش و سەقامگیری دەچەسپێنێت.
سەرۆک کۆمار ستایشی ڕۆڵ و دەستەڵاتی دادوەری کرد لە جێبەجێکردنی یاساکان کە سیستمی سیاسی و دیموکراسی دەپارێزن و پێگەی عێراقیش پتەو دەکەن.
لەبەرامبەریشدا، دادوەر فایەق زەیدان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەنجومەنی دادوەری لە ڕێگەی دامەزراوەکانیەوە کار دەکات بۆ چەسپاندنی ماف و بەهاکانی دادپەروەری بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتی ڕاستەقینە لە پاراستنی مافە تایبەت و گشتییەکان.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد ئەنجومەنی دادوەری ڕێبازێکی ڕوونی پیادە کردوە بۆ پتەوکردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و خۆ بەدوورگرتن لە هەر دەستێوەردانێک یان فشار و پشتگیریکردنی لە هەر هەوڵێک کە بێگەردی و بەهێزی تواناکانی دەستەبەربکات.
هەر لەدیدارەکەدا باس لەهەماهەنگی و هاریکاری نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی دادوەری کرا لە دەرکردن و پەسەندکردن وداڕەشتنی یاساکان کە خزمەتی هاوڵاتیان بکات.
