سەرۆک کۆمار: قوربانیدانی شەهیدان بنەمایەکی سەقامگیری ئێستای وڵات پێکدەهێنێت
ئەمڕۆ یەکشەممە عەبدولـلـەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە کە قوربانیدانی شەهیدان بنەمایەکی سەقامگیری ئێستای وڵات پێکدەهێنێت.
سەرۆک کۆمار لەمیانی بەشداریکردنی لەڕێوڕەسمی ناوەندیی ساڵیادی شەهید بوونی سەرکردەکانی سەرکەوتنی وتی : ئەو هەڵوێستە قارەمانانەی شەهیدانی هێزە ئەمنییەکان، بەهەموو پێکهاتەکانیانەوە کەڕووبەڕووی دڕندەترین هێزی تیرۆر و تاریکستان دەبوونەوە، بوونەتە بنەمایەکی سەقامگیری ئێستا وڵات .
ڕاشیگەیاند : کە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقیمان وادەخوازێت کە ئەم قوربانییە گەورانە لەبیر نەکەین و بیانپارێزین و لە یادی نەوەکانی داهاتوودا بیانچەسپێنین و یادەوەرییان بکەینە پاڵنەرێکی بەردەوام بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا و دامەزراوەکان و بەهێزکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
سەرۆک کۆمار لە درێژەی وتارەکەیدا وتی : وڵاتەکەمان و گەلەکەمان بەرەو پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و چەسپاندنی ئەزمونی دیموکراسی ناوازەی لە ناوچەکەدا هەنگاو دەنێت.
ووتیشی : لەگەڵ ئەو سەرکەوتنەی لەڕێکخستنی هەڵبژاردنی پەرلەماندا بەدەست هاتووە، ئێستا شایستەیەکی گەورەی نیشتمانی لەبەردەمماندایە، لە پێش هەموویانەوە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر کە توانای بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عێراقی هەبێت.
راشیگەیاند : ئەنجوومەنی نوێی نوێنەران بەرپرسیارێتی مەزنیان لە ئەستۆدایە، کە بریتین لە چالاککردنی ڕۆڵی چاودێری و یاسادانانی و دوو هێندەکردنی هەوڵەکان بۆ دەرکردنی پڕۆژە یاساییە گرنگەکان کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەپێداویستییەکانی ژیان و خزمەتگوزاریی هاووڵاتیانەوە هەیە.
