سەرۆک کۆمار و مالیکی جەخت لەسەر یەکخستنی هەڵوێستەکان دەکەنەوە بۆ پاراستنی سەروەری عێراق
ئەمڕۆ چوارشەممە "عەبدولـلەتیف جەمال ڕەشید"سەرۆک کۆمار،و "نووری مالیکی" سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دۆخی ناوخۆی وڵات و پێویستی گەیشتن بە تەبایی نیشتمانییان تاوتوێ کرد، کە ببێتە هۆی یەکلاییکردنەوەی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە،تیایدا ڕایگەیاندوە : "عەبدولـلەتیف جەمال ڕەشید"سەرۆک کۆمار ، پێشوازی لە "نووری مالیکی " سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کرد.
وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە : لە میانی دیدارەکەدا، دۆخی ناوخۆی وڵات و پێویستی گەیشتن بە تەبایی نیشتمانی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان تاوتوێ کران، هەروەها دۆخی ناوچەکە و ئەو پێشهاتانەی بەخێرایی ڕوو دەدەن و کاریگەرییەکانیان لەسەر عێراق گفتوگۆیان لەسەر کرا.
هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە: جەخت کرایەوە لەسەر پێویستی یەکخستنی هەڵوێستی نێوان هێزە سیاسییەکان بە شێوەیەک کە ئاسایشی وڵات بپارێزێت و سەروەرییەکەی مسۆگەر بکات، و گەرەنتی ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە جیاوازەکان بە گیانی هاوکاری و بەرپرسیارێتی نیشتمانی بکات.
