سەرۆک کۆمار پێشوازی لە سەرۆکی یەکێتی دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە ،عەبدولەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمار لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا بەاویکردەوە:-لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهات و ئەگەرە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان لەسەر ئاستی وڵات کراو هەردوولا پەرۆشی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق بوون.
ئاماژە بە بەردەوامی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی نێوان لایەنەسیاسییەکان کرا کە بە فاکتەری سەقامگیری و ئارامی جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاری لەقەڵەمدرا.
لای خۆیەوە سەرۆکی یەکێتی لەبەرامبەر رۆڵ و هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێز سەرۆککۆمار لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سوپاس و پێزانینی بێپایانی ئاڕاستەی د.لەتیف جەمال رەشید کرد کە هاوکاری چارەسەرکردنی کێشەکان بووە و لەروانگەی نیشتمانیی و بەرپرسیارێتییەوە دەسەڵاتەکانی بەکارهێنا لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و جەختیشیکردەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی دەربەست هەر هەنگاوێک دەگرێتەبەر کە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و خەڵک بێت لەپێناو پاراستنی مافە نەتەوەییەکان و بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گرنگی پاڵپشتیکردنی کارەکانی حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و هاوبەشێتی راستەقینە لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان جەختیان لەسەر کرایەوە و سووربوونی بەردەوامی دیالۆگ لەنێوان گشت لایەنەکان بە باشترین بژاردەی سیاسی دانرا بۆ نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم گەشەکردنی وڵات.
