سەرۆک کۆمار چاوی بە قەداسەتی پاپا کەوت
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار رایگەیاند"د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەم، ئەمڕۆ شەممە،لە ڤاتیکان چاویان بە قەداسەتی پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان کەوت".
لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار سوپاسی قەداسەتی پاپای کرد بۆ سەردانیکردنی عیراق و جەختی لەوە کردەوە، کە عیراقییەکان بە خۆشەویستی و شانازییەوە ئەو سەردانە یاد دەکەنەوە، کە چەمکەکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و قوڵی پەیوەندییەکانی نێوان ئایینەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عیراق لەخۆدەگرێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، کە ناوچەکەمان پێویستی بە پەرەپێدانی بنەماکانی برایەتی و لێبوردەیی هەیە، هاوکات جەختی لە بایەخی هەوڵە هاوبەشەکان کردەوە بۆ برەودان بە بنەماکانی دیالۆگ و هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان گەلان، هەروەها بانگهێشتکردن و نوێژ و پەیامە گشتییەکانی ڤاتیکان کاریگەرییەکی مەعنەوییان هەیە لە ئارامی و دیالۆگ و بەرجەستەکردنی لێکتێگەیشتن.
بەڕێزیان رایگەیاند، عیراق هەنگاوی گەورەی ناوە لە هێنانەکایەی ئاسایش و سەقامگیری سیاسی و کارە لە پێشینەکانی ئەمڕۆمان بریتییە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی ئاستی بژێویی هاووڵاتیان و ئامادەکردنەوەی ژێرخانی ئابوری و گەشەپێدانی ئابووری بۆ بەدیهێنانی گەشەسەندنێکی فراوان. سەرۆک کۆمار جەختی لەوەش کردەوە، عیراق بە پەرۆشە بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و فرەیی و رێزگرتن لە ماف و ئازادییەکان. هەروەک ئاماژەی بەوەکرد، کە پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان باشە و ویستێکی هاوبەش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی دەستور و یاسا. سەرۆک کۆمار باسیشی لە بارودۆخی کریستیانەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە پێکهاتەیەکی سەرەکین لە بونیادنانی وڵاتدا و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانییەکەی، هەروەها حکومەتیش بەپەرۆشە بۆ گەڕانەوەی ئاوارە مەسیحی و ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە بۆ ناوچەکانیان و یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیە مرۆییە لە رێی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی شیاو بۆیان و پاراستنی بونی مەسیحییەکان و فرەیی لە وڵاتدا.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد، کە دەرگاکانی سەرۆکایەتی کۆمار کراوەن لەبەردەم مەسیحییەکان بۆ بەدەنگەوەچونی داواکاری و بابەتەکانیان، بە شێوەیەک کە بژێوی و سەقامگیرییان مسۆگەربکات.
هەروەک سەرۆک کۆمار باسی لەوەکرد، کە عیراق پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان. هەروەها باسی لە بارودۆخی فەڵەستین و غەزە کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە عیراق بەتوندی پێشێلکارییەکان و هێرشە بەردەوامەکانی دژ بە فەڵەستینیەکان سەرکۆنە دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات هەوڵی زیاتر بدات بۆ راگرتنی هێرشەکان و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و مسۆگەرکردنی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان.
لەبەرامبەردا، قەداسەتی پاپا پێشوازی لە سەردانەکەی سەرۆک کۆمار کرد و جەختی لە پشتیوانی ڤاتیکان کردەوە بۆ هەوڵەکانی عیراق لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئایین و پێکهاتەکاندا. هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی پێکهاتەی مەسیحی کرد لە برەودان بە هاوئاهەنگی و هاوکاری و قوربانیدانیان لەپێناو عیراقێکی گەشەکردو پێشکەوتو و پابەندبوونیان بە ناسنامەی نیشتمانییەوە.
هەروەها قەداسەتی پاپا جەختی لە بایەخی بەهێزکردنی هەلی ئاشتی لە جیهاندا کردەوە، چونکە جەنگەکان مانای شکستن.
دواتر لە نێوان سەرۆک کۆمار و قەداسەتی پاپا دیاری ئاڵوگۆڕ کرا.
