سەرۆکانی مالیزیا و کۆریای باشوور کۆمەڵێک یاداشتنامەی هاوبەشیان واژووکرد
سەرۆکی کۆریای باشوور، یوون سیۆک یۆل و سەرۆک وەزیرانی مالیزیا ئەنوەر ئیبراهیم ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی گرێبەستی هاوبەشی ستراتیژی بۆ قوڵکردنەوەی هاوکاری دووقۆڵەکان لە بوارەکانی پیشەسازی بەرگری و بازرگانی و وزە و زنجیرەی دابینکردنی کاڵاکان و چەند بواری تر.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "یۆنهاپ"ـی کۆریای باشوور، هەردوولا لە لووتکەی کۆبوونەوەکەدا کە لەکاتی سەردانی فەرمی سەرۆک وەزیرانی مالیزیا بۆ کۆریای باشوور بەڕێوەچوو گەیشتوون بە ڕێککەوتنانە، کە ڕۆژی یەکشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2024 دەستیپێکرد و بڕیارە 3 ڕۆژ دەخایەنێت.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، هەردوولا بەڵێنیاندا هاوکاری لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا فراوان بکەن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئاهەنگگێڕانی 65 ساڵەی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماتیکییەکان لەنێوان هەردوو وڵات.
لەڕۆژی دووەمی کۆبوونەوەکە، سەرۆکانی هەردوو وڵات تیشکیان خستەسەر هاوکاری لە بواری پیشەسازی بەرگری و هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی هاوکاری لە بواری توێژینەوە و پەرەپێدانی بەرگری و تەکنەلۆژیا.
هەروەها بەڵێنیاندا تاوەکو ساڵی داهاتوو دانوستانەکان لەسەر رێککەوتنی بازرگانی ئازاد-ی دوولایەنە تەواو بکەن بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان و پیشەسازیە تازە دەرکەوتووەکانی وەک بایۆتەکنەلۆژیا و وزەی سەوز.
لە پەراوێزی ئەو لووتکەیەدا، هەردوو حکومەت یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان ئیمزاکرد بۆ ئاسانکردنی هاوکاری لە زنجیرەی دابینکردنی کانزای بنچینەیی و تەکنەلۆژیای گرتنی کاربۆن و پڕۆژەکانی کەمکردنەوەی گازی ئۆکسیدی نایترۆس هێمای کیمیایی (N²O)، هەروەها پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری.
